بەغدا - INA
وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی، بەردەوامی ڕێکخستنی گەشتەکانی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لە کۆماری هیندستانەوە بۆ خاکی نیشتمان ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لە تەواوبوونی گەڕاندنەوەی ١٠٨٥ هاووڵاتی کردەوە.
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ئاماژەی بە بەردەوامی سەرکەوتنی پرۆسەکانی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە کرد کە لە دەرەوە گیریان خواردبوو، بە جۆرێک حەوتەم گەشت لە چوارچێوەی پلانی گەڕاندنەوە لە نیودەلهی پایتەختی هیندستانەوە بۆ خاکی نیشتمان ئەنجامدرا کە (١٤٨) هاووڵاتی عێراقی لەسەر بوو.
ڕوونیشیکردەوە کە کۆی گشتی ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕێگەی هەر حەوت گەشتەکەوە گەڕێندراونەتەوە گەیشتە (١٠٨٥) هاووڵاتی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خاکی نیشتمان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیار بوو فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی عەرعەر لە شانشینی عەرەبستانی سعوودی بنیشێتەوە، بەڵام دوای دووبارە کردنەوەی ئاسمانی گەشتەکان، نیشتنەوەی ڕاستەوخۆی لە بەغدا دەستەبەر کرا، ئەمەش بووە هۆی ئاسانکاری و خێراکردنی گەیشتنی هاووڵاتیان بۆ شوێنی کۆتایی خۆیان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پرۆسەیە بەرهەمی هەماهەنگییەکی باڵا بوو لە نێوان لایەنە حکومی و کەرتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتەکانی گواستنەوە، ناوخۆ، نەوت، لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، و کۆمپانیای گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق.
هەروەها وەزارەت ستایشی ئەو هەوڵە گەورانە دەکات کە نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق و تیمەکانی شانەی قەیران ئەنجامیان داوە، بەتایبەتی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ڕیاز بە سەرپەرشتی باڵیۆز سەفیە سوهەیل، لە ڕێگەی بەدواداچوونی مەیدانی و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عەرەبستانی سعوودی، هەروەها نێردەی کۆماری عێراق لە نیودەلهی، کە هاوکار بوون لە سەرکەوتنی پرۆسەکانی گەڕاندنەوەکەدا.
وتیشی: وەزارەت سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی کۆماری هیندستان و شانشینی عەرەبستانی سعوودی دەکات بۆ هاوکاری و پێشکەشکردنی ئاسانکارییەکان، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو لایەنە پشتیوانانە دەکات کە بەشدار بوون لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسانەدا.
لە کۆتاییدا وەزارەت جارێکی دیکە جەخت لە بەردەوامی هەوڵەکانی دەکاتەوە لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی عێراقی لە دەرەوەی وڵات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرۆشی دەوڵەتە بۆ چاودێریکردنی ڕۆڵەکانی و دەستەبەرکردنی سەلامەتییان لە هەر کوێیەک بن


