بەغدا - INA
دووەم ڕۆژی گەڕی ٢٧ی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ تۆپی پێ، ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێزی بەخۆیەوە بینی کە کێبڕکێیەکی گەورەی لە نێوان ئەو تیمانەدا لەخۆگرتبوو کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە ڕیزبەندی خولەکەدا دەدەن؛ بە جۆرێک ئەنجامەکان لە نێوان بەرامبەربوون و سەرکەوتندا بوون، ئەمەش گوزارشت لە تووندیی ململانێکان لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
یاریی نێوان هەولێر و میوانەکەی یانەی موسڵ بە بەرامبەربوونی ئەرێنی (٢-٢) کۆتایی هات، لە یارییەکدا کە بە سەرنجڕاکێشی و گۆڕانی ئەنجامەکان ناسرابوو.
هەردوو گۆڵەکەی هەولێر شێرزۆد تیمیرۆڤ لە خولەکەکانی ٣ و ٢٨دا تۆماری کردن، لە بەرامبەردا هەردوو گۆڵەکەی موسڵ لە ڕێگەی ئەکرەم ڕەحیم لە خولەکی ٦٨ و سێدریك نێجا لە خولەکی ٧٤دا تۆمار کران.
بەم ئەنجامە، هەولێر خاڵەکانی بۆ ٥٣ خاڵ لە پلەی سێیەمدا بەرزکردەوە، لە کاتێکدا موسڵ گەیشتە ٣٤ خاڵ لە پلەی دوازدەیەمدا.
لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تریشدا، یانەی کارەبا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر میوانەکەی یانەی مینا بە ئەنجامی (٢-٠) بەدەستهێنا، لەو یارییەی کە لەسەر یاریگای زەورا لە بەغدا بەڕێوەچوو.
هەردوو گۆڵەکەی کارەبا لە ڕێگەی ئەمێیمیچی ئۆگستین لە خولەکی ٦٥ و نیهاد محەمەد لە کاتی زیادکراودا (٩٠+٢) تۆمار کران.
بەم سەرکەوتنە، کارەبا خاڵەکانی بۆ ٢٧ خاڵ لە پلەی پازدەیەمدا بەرزکردەوە، لە بەرامبەردا مینا بە ٢٦ خاڵ لە هەمان پلەدا مایەوە.
هەروەها یانەی دیالە توانی سەرکەوتنێکی بەنرخ بەسەر میوانەکەی نەفتی میسان بە گۆڵێکی بێوەڵام بەدەستبهێنێت، لەو دیدارەی کە لەسەر یاریگای دیالە ئەنجامدرا.
گۆڵی تاقانەی یارییەکە موقتەدا حەسەن لە خولەکی ٥٤دا تۆماری کرد، تاوەکو دیالە خاڵەکانی بۆ ٣٦ خاڵ لە پلەی یازدەیەمدا بەرزبکاتەوە، لە کاتێکدا نەفتی میسان لە ٢٥ خاڵدا لە پلەی حەڤدەیەمدا مایەوە



