بەغداد ـ INA

باڵیۆزی سویسرا لە عێراق، دانیێل هوون، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی ڕاگەیاند: حکومەتەکەی کار دەکات بۆ بەدواداچوونی ئەو پارە عێراقییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕاندنەوەیان.

لە بەیاننامەیەکی دەستەی دەسپاکیدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە،دەڵێت: "محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، لەگەڵ دانیێل هوون باڵیۆزی سویسرا لە عێراق کۆبووەوە، و تێیدا تاوتوێی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری، شوێنکەوتنی تاوانەکانی گەندەڵی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەیان، جگە لە پەرەپێدانی هاوکاری تەکنیکی و نوێکردنەوەی سیاسەت و ستراتیژییەکانی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی گەڕاندنەوەی پارە، بەتایبەتی ئەو پارانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا دەستیان بەسەردا گیراوە".

لامی جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی فراوانکردنی شەراکەتی دوو لایەنە و واژۆکردنی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن کە یارمەتیدەر دەبن لە تێپەڕاندنی ئەو تەحەدییانەی ڕێگرن لە گەڕاندنەوەی پارە قاچاخەکان و تۆمەتباران، و هاوکاری نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بەهێزتر دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ونبوونی مەلەفی سەروەت و سامانەكانی عێراقیی سەردەمی ڕژێمی پێشوو"، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە سزاکانی ساڵی ١٩٩٠ و بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک، ئەمەش پێویستی بە هاوکارییەکی نێودەوڵەتی کاریگەر هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان.

لە لایەن خۆیەوە، باڵیۆزی سویسرا "خۆشحاڵی خۆی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی"، و جەختی کردەوە لەسەر "هەوڵەکانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی، بۆ لێکۆڵینەوە لە مەلەفی پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەیان بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە عێراقدا".