دوای دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، عیمران خان لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتی دارایی (NAB)، خوپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەرانسەری وڵاتەکە دەستی پێ کرد.
بەپێی هەواڵی رۆژنامە خۆجێیەکان، لایەنگرانی عیمران خان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن یەکەیەکی نیمچە سەربازیی لەبەردەم ئەو دادگایەی کە لە لاهۆرەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە دادبینییەکانی ئەو دۆسیانەی کە لە دژی کراونەتەوە هاتبوو بۆ ئیسلام ئاباد، دەستیان بە خوپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین کرد.
لایەنگرانی عیمران خان لە ئیسلام ئاباد، راڤالیپیندی، لاهۆر، کاراچی، پیشاوەر و چەندین شاری دیکە رژانە سەر شەقامەکان.
لە شاری لاهۆر ناوچەی زامان پارک کە شوێنی نیشتەجێبوونی عیمران خانی لێیە بە رووی هاتوچۆدا داخرا و لایەنگرانی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی هاتوچۆیان بۆ گۆڕەپانی ئازادی لە لاهۆر داخست.
رێگای نێوان ئیسلام ئابادی پایتەخت و شاری راڤالیپیندی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا و خۆپیشاندەران تایەیان سووتاند و بەردی گەورەیان لەسەر رێگاکان جێگیرکرد.
هاوکات بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی داون، بڕیاری دەستگیرکردنی عیمران خان لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتی دارایی (NAB)وە دەرکراوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە پۆلیسی ئیسلام ئابادەوە بڵاوکراوەتەوە، عیمران خان و هاوسەرەکەی بە وەرگرتنی چەندین ملیار رووپیە لە کۆمپانیایەکی خانووبەرە لە بەرامبەر یاساییکردنی ٥٠ ملیار رووپیە تاوانبارکراون و لەبەر ئەم هۆکارە عیمران خانیان دەستگیرکردووە.
لە بڕیاری دەستگیرکردنەکەدا عیمران خان و بوشرا بیبی هاوسەری بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون.