بەغدا - INA - محەمەد تالیبی
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، نزیکبوونەوەی کارپێکردنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی نوێی ڕاگەیاند کە ڕێگە دەدات بە دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و گواستنەوەی خاوەندارێتی لە ڕێگەی مۆبایلەوە.
فەریق عودەی سمیر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی گشتی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتییەکە گۆڕانکارییەکی گشتگیری لە ئالیەتەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان ئەنجامداوە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکە بە زوویی هاووڵاتییان بەگەڕ دەخات بۆ ئەنجامدانی زۆربەی مامەڵەکانی هاتووچۆ لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی فەرمانگەکان بکن.
سمیر ئاشکراشی کرد: "بەڕێوەبەرایەتییەکە سیستەمی پێشووی هەڵوەشاندووەتەوە کە پێویستی بەوە دەکرد هاووڵاتی سەردانی ١٢ پەنجەرەی جیاواز بکات بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەکەی، لە بەرامبەردا سیستەمی (پەنجەرەی تاقانە)ی پەیڕەو کردووە کە تەواوی ڕێکارەکانی لە یەک پەنجەرەدا کورت کردووەتەوە، تاوەکو ئاسانکاری لە مامەڵەکاندا بکات و قەرەباڵغیی ناو فەرمانگەکانی تۆمارکردن کەم بکاتەوە." ڕاشیگەیاند کە سیستەمەکە خزمەتگوزاریی نۆرەبڕینی پێشوەختەی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت، کە دەرفەت بە هاووڵاتی دەدات بەپێی کاتی گونجاوی خۆی سەردانی فەرمانگەکان بکات، بەمەش نەرمی و خێراییەکی زیاتر دروست بووە لە بەڕێوەچوونی مامەڵەکاندا.
ڕوونیشی کردەوە کە پەیڕەوکردنی ئەم ئالیەتە نوێیانە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووتین و گەندەڵیی ئیداری و دارایی کەمکردووەتەوە، جیا لە کەمکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی و واسیتەکاری؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ژینگەی کاری ناو فەرمانگەکانی تۆمارکردن گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی ئەم چاکسازییە ئیداری و ڕێکخستنییانەوە.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی گشتی باسی لەوەش کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئامادەکاری دەکات بۆ کارپێکردنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI)، کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن و نوێی بکەنەوە، مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل ئەنجام بدەن، و داواکاریی مۆڵەت و ساڵیانە لە ڕێگەی مۆبایلەوە پێشکەش بکن، بەبێ پێویستی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە یان مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرمانبەراندا.
سمیر ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەردانی مەیدانی تەنها کورت دەبێتەوە بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەی مۆڵەتی شۆفێری یان ساڵیانەکە دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان بە ئەلیکترۆنی،" جەختیشی کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییە بە تەواوی چەمکەکانی کارکردن و ئالیەتی خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتیدا دەگۆڕێت.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هەموو ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجیستییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە تەواو بوون، و کارپێکردنی ڕەسمیی سیستەمەکەش بە ڕەعایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زهیدی دەبێت.