توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (Cancer Communications) بڵاو کراوەتەوە، دەریدەخات کە قەڵەوی ڕەنگە بەرپرسیار بێت لە زیاتر لە 11%ی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە، واتە نزیکەی دوو هێندەی ئەو ڕێژەیەی کە پێشتر مەزەندە دەکرا.
تیمی زانستی لە توێژینەوەکەیان پشتیان بە لێکۆڵینەوەی داتای 458,543 کەس لە پڕۆژەی بانکی بیۆلۆژیی بەریتانی (UK Biobank) بەستوە، کە تێیدا چاودێریی دۆخی تەندروستییان کراوە بۆ ماوەی 12 ساڵ،کە لە نزیکەی 50 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە لە نێوان بەشداربوواندا تۆمار کراون، بە پێچەوانەی توێژینەوەکانی پێشوو، کە توێژەران لە هەڵسەنگاندنەکەیان تەنها پشتیان بە پێوەری کستەی جەستە (BMI) نەبەست، بەڵکو لێکۆڵینەوەکە پێوانەی قەبارەی کەمەر و ڕێژەی کەمەر بۆ حەوزی لەخۆ گرتبو، کە ئەمە پێوەرگەلێکن کە بە شێوەیەکی وردتر بڕی چەوریی کۆبووەوە لە جەستەدا دەخەنە ڕوو.
هەروەها تیمی توێژینەوەکە شیکارییە ئامارییەکەیان ڕێکخست بۆ لەبەرچاوگرتنی هۆکارێکی گرنگ، ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لە گرێ شێرپەنجەییەکان ڕەنگە ببنە هۆی دابەزینی کێش بە بێ مەبەست چەند ساڵێک پێش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، ئەمەش لە توێژینەوە پێشووەکاندا ڕەنگە بووبێتە هۆی کەمکردنەوەی هێزی پەیوەندییە دیارەکە لە نێوان قەڵەوی و شێرپەنجەدا.
دوای لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانە، ڕێژەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پەیوەندیدار بە زیادبوونی کێشەوە لە 5.5% بۆ 11.5% بەرز بووەوە.
توێژەران تێبینییان کرد کە پەیوەندیی نێوان زیادبوونی چەوری لە جەستە و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە لە خانمان و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 60 ساڵەوەیە، ڕوونتر بوو.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەم ئەنجامانە ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆپاراستن لە قەڵەوی و چارەسەرکردنی ڕەنگە زۆر گرنگتر بێت لەوەی کە پێشتر مەزەندە دەکرا لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەدا.
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێش کە لە گۆڤاری (JTO) بڵاو کرابووەوە، دەریخستبوو کە کۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی سکدا ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد بکات لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگریی سروشتیی جەستە.
هەروەک توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری (Journal of Clinical Investigation) بڵاو کرایەوە ئاشکرایکردوە کە قەڵەوی ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن (لۆکیمیا) زیاد بکات و بەشدار بێت لە پەرەسەندنیدا.
سەرچاوە: (Lenta.ru)