بەغدا – INA
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەواوبوونی ڕەشنووسی دووەم هەمواری یاسای ڕاژە و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٨)ی ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا دیارترین هەموارەکانی ئاشکرا کرد کە کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی ئارەزوومەندانە بۆ ئەفسەران و پلەدارەکان و چەسپاندنی هەژمارکردنی بڕوانامە باڵاکان وەک سەردەمی وەزیفی لەخۆدەگرێت.
عوسمان شەیبانی، ئەندامی لیژنەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "ڕەشنووسی دووەم هەمواری یاسای ڕاژە و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٨) تەواو بوو."
ئهوهیش ئاشكركرد كه "هەموارەکان دیارترین ئەم بڕگانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
١. کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی ئارەزوومەندانە بۆ ئەفسەران و پلەدارەکان بۆ ٤٠ ساڵ لە جێكای ٤٥ ساڵ، بە مەرجی بوونی خزمەتی کرداری کە لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت.
٢. هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی ئامره (دائرة الآمرة) و کۆتاییهێنان بە کارکردن بە ڕەوانەکردنی ئەفسەران بۆی.
٣. زیادکردنی دەرماڵەی بژێوی بۆ سەر مووچەی بنەڕەتی .
٤. چەسپاندنی هەژمارکردنی بڕوانامە باڵاکان وەک پێشخستنی وەزیفی ، بە بڕی دوو ساڵ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا و ساڵێک بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر، بەپێی ئەسڵی یاساكە.
٥. چەسپاندنی ماوەی درێژکردنەوەی ڕاژە بە شێوەیەک تەنها ساڵێک بێت.
٦. ڕێکخستنی مەرجەکانی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران بەپێی یاسا یان پەیڕەوێک کە وەزیری ناوخۆ پێشنیازی دەکات و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەسەندی دەکات، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی مەرجی پۆست.
٧. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی بە گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن بە هەمان مامەڵەی کارمەندی سەر میلاکی هەمیشەیی لە کاتی شەهیدبووندا.
٨. بەخشینی پلەی ملازم بە کارمەندی شەهید یان برینداری خاوەن پەککەوتەیی تەواوەتی.
٩. بەرزکردنەوەی پلەی ئەو بریندارەی کە ڕێژەی پەککەوتەییەکەی دەگاتە (٥٠٪) یان زیاتر بۆ پلەیەکی بەرزتر.
١٠. سڕینەوەی وەسفی (پیاوی پۆلیس ) لە کوێی یاساکەدا هاتابێت، و جێگرتنەوەی بە دەستەواژەی (کارمەند ) تاوەکو ئەفسەران و پلەدارەکان بگرێتەوە، و پەسەندکردنی وەسفی (فەرمانبەری مەدەنی ) لە شوێنەکانی خۆیدا بەپێی بڕگەکانی یاسا."