نێودەوڵەتی – INA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پیت هێگسێت، تێچووی جەنگی سەر ئێرانی تاوەکو ئێستا بە ٣٧.٥ ملیار دۆلار خەمڵاند، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکە لە خەمڵاندنی پێشوو کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا نزیکەی ٢٩ ملیار دۆلار بوو.
هێگسێت لە دانیشتنێکی گوێگرتنی لیژنەی تەرخانکردنەکان لە ئهنجومهنی پیران (سێناتی ئەمریکا)، کە تێیدا بەرگری لە داواکارییەک کرد بۆ بەدەستهێنانی نزیکەی ٦٧ ملیار دۆلار وەک بودجەی زیادە بۆ پێنتاگۆن، ڕایگەیاند: "ئەو خەمڵاندنەی ئەمڕۆ لە بەردەستماندایە ٣٧.٥ ملیار دۆلارە."
هێگسێت و ژەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، بە کۆنگرێسیان ڕاگەیاند کە داواکاریی بودجەکە "پەلە" و "پێویستە" بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی پێنتاگۆن کە پەیوەندیدارن بە جەنگی ئێرانەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلول.
بەڵام جێن شاهین، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران، گومانی لەم خەمڵاندنە دەربڕی و ڕایگەیاند کە هێشتا ٧٥ ملیار دۆلار لەو داراییانەی لەبەردەستی هێگسێتدا هەن، بەکارنەهێنراون.
وتیشی: "بۆچی داوا لە گەلی ئەمریکا دەکەن بارگرانی تێچووی جەنگێک بگرنە ئەستۆ کە پشتگیری ناکەن، لە بڕی ئەوەی داوای دەسەڵاتی گواستنەوەی ئەو پارانە بکەن کە پەسەندکراون و هێشتا خەرج نەکراون؟"
لە وەڵامدا هێگسێت ڕایگەیاند کە ئەو پارانەی هێشتا خەرج نەکراون "بۆ مەبەستی دیکە دەستنیشانکراون" لە چوارچێوەی کارە لەپێشینەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، وەکو "قوبەی زێڕین بۆ ئەمریکا" و وەبەرهێنانی دیکە لە بواری پڕچەککردندا.
ئەم بودجە داواکراوە تێچووی دووبارە دروستکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاو ناگرێت.
ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی پیران بێزارییان دەربڕی و داوای وردەکاری زیاتریان کرد لەسەر ستراتیژی ترەمپ بۆ سەرکەوتن لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
داواکارییەکان بۆ شەفافییەت سنووری ناکۆکییەکانی حزبییان بەزاند، بە شێوەیەک کە جۆن کێنیدی، ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران ڕایگەیاند: "ئێمە پێویستمان بە وەڵامی یەکلاکەرەوە و وتاری ڕاشکاوانەیە"، ئەمەش کاتێک کە پرسیاری کرد دەربارەی ئەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تەنگەی هورمز بکشێتەوە.
هێگسێت و کین دیارییان نەکرد کە ئایا ئێران باج یان ڕسوومات بەسەر ئەو کەشتییانەدا دەسەپێنێت کە هەوڵی پەڕینەوە لە تەنگەکەوە دەدەن یان نا.