بەغداد – INA – حەسەن فەواز
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، ئهمڕۆ سێشەممە، جەختیان لە گرنگیی تەواوکاریی دامەزراوەکان کردەوە لە پاڵپشتیکردنی توێژی کچان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی.
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان وۆرکشۆپێکی هۆشیاریی بە ناونیشانی (توندوتیژیی دیجیتاڵی بەرامبەر ژنان و کچان) بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ سازکرد، بە ئامانجی تیشکخستنەسەر مەترسییەکانی تاوانکاریی ئەلیکترۆنی (ئیبتزاز) و ئاسایشی دیجیتاڵی، و تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پاراستنی ژنان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا.
بەرپرسی دۆسیەی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەسعەد نەبیل، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "بابەتی مەترسییەکانی ئیبتزاز و ئاسایشی دیجیتاڵی، و تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پاراستنی ژنان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا لە چوارچێوەی کاری تەواوکاریی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدایە بۆ پاراستنی توێژێکی گرنگی کۆمەڵگە کە توێژی کچانە."
وتیشی: "دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دەستپێشخەریی پێشتری هەبووە لە ڕووی مەشقپێکردنی ئەم توێژە کە بە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاییندەیی دایان دەنێین، بۆ ئەوەی بڕست و توانای مامەڵەکردنیان هەبێت لەگەڵ دۆسیەی گەشەسەندنی خێرای سیستەمەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری."
لە لایەکی دیکەوە، ڕاوێژکاری یاسایی لە کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، ئەیام شەریف جەواد، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئەم چالاکییە هۆشیارییە لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان یەکێکە لە زنجیرە چالاکییەکانی کاری نوسینگەی کۆمسیۆن لە بەغدا و ڕووماڵکردنی ڕاگەیاندنیان، بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمسیۆن بە هاوپشتی لەگەڵ هەڵوێستی دەستەکە لە شەرمەزارکردنی ئەم تاوانانەی بەرامبەر خێزان بە گشتی و کچان و ژنان بە تایبەتی ئەنجام دەدرێن."