بەدواداچوون – INA
پەردە لەسەر ڕکابەرییەکانی کۆتاییی مۆندیالی 2026 لادرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسپانیا بە بردنەوەی لە ئەرژەنتین بە گۆڵێکی بێوەڵام لە یاریی کۆتاییدا، نازناوەکەی بەدەستهێنا.
لە ئێستاوە سەرنجەکان بە خێرایی چوونەتە سەر خولی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە ساڵی 2030دا بەڕێوەبچێت و بە هەموو پێوەرێک خولێکی مێژوویی دەبێت.
مۆندیالی 2030 شایەتی پێشھاتێکی بێپێشینە دەبێت لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، دوای ئەوەی بڕیاردرا لە سێ وڵاتی سەر بە دوو کیشوەری جیاواز ڕێکبخرێت، لەپاڵ سازکردنی چەند یارییەکی ئاهەنگگێڕان لە چەند وڵاتێکی دیکەدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمین خولی مۆندیالدا.
هەر یەک لە ئیسپانیا، پورتوگال و مەغریب میوانداریی ڕکابەرییەکانی مۆندیالی 2030 دەکەن، لە خولێکدا کە خاوەن تایبەتمەندییەکی جیاوازە بۆ یادکردنەوەی تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر سازکردنی یەکەمین پاڵەوانێتیی جیهانیی تۆپی پێ لە ساڵی 1930 لە ئۆرۆگوای.
لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی سەدەی مۆندیالدا، چەند یارییەکی دەستپێکردن لە وڵاتانی ئۆرۆگوای، ئەرژەنتین و پاراگوای بەڕێوەدەچن، بە جۆرێک ئەم وڵاتانە میوانداریی هەندێک لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان دەکەن وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو ڕۆڵە مێژووییەی ناوچەی ئەمریکای باشوور لە دروستبوونی پاڵەوانێتییەکەدا گێڕاویەتی.
بڕیاریشە ڕکابەرییەکانی مۆندیالی 2030 ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 13ی حوزەیران دەستپێبکەن، و یاریی کردنەوەش لە یاریگای "سێنتیناریۆ" لە مۆنتیڤیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای ئەنجام بدرێت، کە هەمان ئەو یاریگایەیە لە ساڵی 1930دا میوانداریی یاریی کۆتاییی یەکەمین خولی مۆندیالی کردبوو.
شەش هەڵبژاردە بە فەرمی شوێنی خۆیان لە مۆندیالی 2030دا گرتووە، دوای ئەوەی وڵاتانی میواندار مافی سەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان بۆ یارییەکانی کۆتایی مسۆگەر کردووە؛ لیستی سەرکەوتووەکانیش تا ئێستا ئەمانەن: ئیسپانیا، پورتوگال، مەغریب، ئۆرۆگوای، ئەرژەنتین و پاراگوای، بەمەش ئەم هەڵبژاردانە دەبنە یەکەمین ئەو لایەنانەی بەشدارییکردنیان لە خولی مێژوویی داهاتووی مۆندیالدا مسۆگەر کردووە.