بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری دارایی، فالح ساری، جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی سەرجەم دامەزراوەکان کردەوە بۆ سەرخستنی سەردانی چلەی ماتەمینی.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەزیری دارایی، فالح ساری بەشداریی لەو کۆبوونەوەیەدا کرد کە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێکیخستبوو بۆ بەدواداچوونی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە سەردانی چلەی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت)، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیران، سەرۆکی دەستەکان و پارێزگارەکان".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "وەزیر لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ سەرخستنی ئەم بۆنە ملیۆنییە، لەبەر ئەو بەها ئایینی، نیشتمانی و مرۆییانەی کە هەیەتی، بە شێوەیەک کە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەردانکەران مسۆگەر بکات".
ساری ئاماژەی بەوەشکرد کە "وەزارەتی دارایی وەک ئەولەوییەتێک مامەڵە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردانی چلەدا دەکات، و کار دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی شارە پیرۆزەکان و ئەو پارێزگایانەی کە میوانداریی سەردانکەران دەکەن، ئەمەش بەپێی ئەو توانایە داراییانەی کە لەبەر دەستدان، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە سەرخستنی ئەم سەردانە ملیۆنییەدا".
لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دارایی ڕێنماییداوە بە فەرمانگەکانی خەزێنە لە پارێزگاکاندا بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی تەرخانکردنی بودجەی فریاگوزاری و خزمەتگوزاری بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان لە کاتی خۆیدا.