بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە "خالید شوانی"وەزیری دادی عێراق، سەردانی "بەیتی حیکمە"ی کرد و چاوی کەت بە "نەعیم عەبدولیاسر عەبوودی"سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمینداری بەیتی حیکمە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی داد کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : لە دیدارەکەدا، شوانی "بەیتی حیکمە"ی بە قەڵایەکی شارستانی و ڕۆشنبیریی گرنگ وەسف کرد کە ڕۆڵی دیاری هەیە لە هۆشیارکردنەوە و پاراستنی ناسنامەی کولتووریی عێراقدا،هەروەك جەختی لە گرنگیی پارێزگاریکردن لەم دامەزراوە زانستییە کردەوە و داوای یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆڵی ئەکادیمی و فەرهەنگیی بەیتی حیکمە وەک سەنتەرێکی پێشەنگ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عەرەبی.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : وەزیری داد و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمینداری بەیتی حیکمە بەشێک لە هۆڵ و ئەرشیفی ئەو دامەزراوەیان بەسەر کردەوە و تاوتوێی مێژووی دەوڵەمەندی و دەستکەوتە زانستییەکانی ئەو ناوەندەیان کرد.