بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممە رابیتەی بانكە ئەهلیەكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ڕێككەوتنی بانكی ناوەندی لەگەڵ خەزێنەی ئەمەریكا وەرچەرخانێكی بەرچاوە لە چاكسازی لە كەرتی بانكی عێراقدا،كۆمەڵەكە ئاماژەی بەوەدا كە ئەم پێشهاتە كاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی دەبێت لەسەر زیادكردنی سەقامگیری دیناری عێراقی.
لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن رابیتەكەوە بڵاوكراوەتەوە، كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و تێیدا هاتووە : رابیتەی بانكە ئەهلیەكانی عێراق پێشوازی لە دەرئەنجامە گرنگە ئەرێنییەكانی ئەو گفتوگۆ ئاستە بەرزانە دەكات كە لەلایەن پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، نزار ناسر، لەگەڵ بەرپرسانی خەزێنەی ئەمەریكا ئەنجامدراون، ئەم گفتوگۆیانە گەیشتە لوتكە و تەواوكەری ئەو هەوڵە حكومییانە بوون كە لە سەردانە فەرمییەكەی عەلی فەلح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران خراونەتەگەڕ بۆ ئەمریكا.
رابیتەكە بەگوێرەی بەیاننامەكە، دەستخۆشی لە بڕیاری ستراتیژی ڕێككەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی حەوت بانكی عێراقی بۆ كەناڵە بانكییە پەیوەندیدارە بیانییەكان (بە دراوی بیانی جگە لە دۆلاری ئەمریكی) كردووە، ئەمەش هەنگاوێكی چارەنووسسازە كە سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی بەرنامەی چاكسازیی كەرتی بانكی و دووبارە مۆڵەتدان بە سەرۆكایەتی بانكی ناوەندی عێراق پشتڕاست دەكاتەوە.
رابیتەكە دووپاتی كردەوە : كە ئەم پێشهاتە گرنگە كاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی دەبێت لەسەر زیادكردنی سەقامگیری بەهای دیناری عێراقی، هەروەها بەشدارییەكی كاریگەری دەبێت لە بەهێزكردنی بانكەكانی عێراق و بەرزكردنەوەی كاریگەریی و توانایان بۆ دابینكردنی خواستەكانی بازرگانی دەرەكی و دارایی بازاڕی ناوخۆیی.
ئاماژەی بەوەشكردووە : هەموو ئەو بانكانەی دیكە كە هێشتا بەربەستن دەتوانن بە دراوی دیكە كاربكەن لەگەڵ تەواوبوونی مەرجەكانی قۆناغی یەكەم، بۆیە پێویستە ئەو بانكانە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە و بەتەواوی و بەپەلە پابەندبن بە ستاندارد و مەرجەكانی بانكی ناوەندی عێراق، هەروەها ڕێكارەكانی پابەندبوون و بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداكردنی تیرۆرستان.
رابیتەكە دووپاتیكردەوە : پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ستراتیژی هەمەلایەنەی بانكی ناوەندی عێراق، كە ئامانجی مۆدێرنكردنی كەرتی بانكی و بەرزكردنەوەی خۆڕاگری و توانای كێبڕكێی خۆیەتی، بەمەش دەستەبەركردنی یەكگرتنی تەواو و بەردەوام لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهانی و دروستكردنی كەشێكی ئایدیاڵ بۆ كردنەوەی ئابووری عێراق بەڕووی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكاندا.