بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ شەممە ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران دووپاتی كردەوە : كە ئێران پابەندی بەڵێنەكانی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی ئەمریكا ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ڕوونیشی كردەوە كە ئێستا تەواوی پڕۆسەی ڕێككەوتنەكە ڕاگیراوە بەهۆی پێشێلكردنی بەڵێنەكانی واشنتۆن و بەردەوامی هێرشەكانی.
بەقائی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ دەكات ڕایگەیاندووە : ئێران پابەندی بەڵێنەكانمان دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی ئەمریكا ئەركەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، ڕوونیشی كردەوە كە بەو پێیەی ئەمریكا بەڵێنەكانی پێشێل كردووە، ئێرانیش توانای جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی نەماوە.
بەقائی ووتیشی: ناكرێ مرۆڤ چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان بە شێوەیەكی تاكلایەنە بكات، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێران هەرگیز یەكەم كەس نەبووە كە هیچ بەڵێنێك پێشێل بكات، لە كاتێكدا ئەمریكا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە شێوەیەكی كاریگەر ڕێكەوتنەكەی پێشێل كردووە.
ووتیشی : ئێستا تەواوی پرۆسەی ڕێككەوتنەكان بەهۆی پێشێلكردنی بەڵێنەكانی واشنتۆن و بەردەوامی هێرشەكانی ڕاگیراوە، ئاماژەی بەوەشكرد كە پێكهاتەی ئێستای حكومەتی ئەمریكا پارچەپارچە و لاواز بووە و گروپە فشارەكان ڕێگری دەكەن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی.
جەختی لەوە كردەوە : كە وڵاتەكەی هێرشەكانی سەر ناوەندە مەدەنییەكان و ژێرخانەكانی ئێران شەرمەزار دەكات و ئەو كارانەش تاوانی جەنگ و هەوڵدان بۆ جینۆساید پێكدەهێنن، ئامادەیی تەواوەتی هێزی بەرگری وڵات، هاوشانی درێژەدان بە ڕێبازی دیپلۆماسی دووپاتكردەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد : كە گەلی ئێران هیچ دوژمنایەتییەكیان بەرامبەر گەلی ئەمریكا نییە، بەڵام ڕای گشتی جیهانی دەبێت ڕێگری لە بەدامەزراوەییكردنی خۆبەزلزان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بكات، جەختی لەوە كردەوە كە دەقی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە باس لەوە دەكات كە ئێران بە ڕاوێژ لەگەڵ عومان میكانیزمی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دادەڕێژێت.
بەقائی ئاماژەی بەوەشكرد : ئەمریكییەكان تەنانەت ڕێگەیان نەدا ئەو ماوەی 30 ڕۆژە تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئێمە میكانیزمی پێویست بۆ تێپەڕاندنی سەلامەتی كەشتییەكان بەناو گەرووی هورمزدا جێگیربكەین، ڕوونیشیكردەوە هیچ خاڵێك لەو یاداشتەدا نییە كە ڕێگە بە ئەمریكا بدات ڕێگایەكی هاوتەریب و سەربەخۆ لە گەرووی هورمزدا دابمەزرێنێت.
بەقائی لە كۆتاییدا وتی: ئەمریكییەكان بەشێك لە گەرووی هورمز و هەروەها بنكە سەربازییەكانیان لە دەوڵەتانی كەنداو بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی ئێران قۆستۆتەوە.