نێودەوڵەتی – INA
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی (پەرلەمانی ئێران)، پڕۆژەیاسایەکی نوێی ستراتیژیی تایبەت بە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد.
عەزیزی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە، پڕۆژەیاسایەکی ستراتیژی لەبارەی گەرووی هورمز و کەنداو بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەشی ئەنجومەنی شوورا دەکات."
میدیاکانی ئێران لە زاری عەزیزییەوە بڵاویانکردەوە: "ئەنجومەنی شوورا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە بەرگریکردن لە هێڵە سوورەکانمان دووپات دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزەوە."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەمە هەنگاوی یەکەمە، و لە دوای ئەمەشەوە ڕێکاری دیکە دەگیرێنەبەر کە پەیوەندییان بە گەرووی هورمزەوە دەبێت."
سەرچاوە: مەیادین