🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی تەندروستی ئاماری نوێی تووشبووانی تای خوێنبەربوونی بڵاودەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/12 22:02

بەغدا-INA

وەزارەتی تەندروستی عێراق،ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تاکو ئێستا 270 تووشبووی پشتڕاستکراو و 17 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتای تای خوێنبەربوون لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق تۆمار کراوە.

بەپێی قسەکانی سەیف بەدری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی،کە لە بەیاننامەکەدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردوویەتی ،تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو : کە تەنها لە هەفتەی بیست و هەشتی ئەمساڵدا 26 تووشبووی نوێ تۆمار کراوە بەبێ ئەوەی هیچ گیانلەدەستدانێک لەو هەفتەیەدا هەبێت، کە زۆرترین ڕێژەی تووشبوونیش لە پارێزگای زیقار بووە بە 109 تووشبوو و 8 حاڵەتی گیانلەدەستدان، دوای ئەویش پارێزگاکانی بەسرە و میسان و پارێزگاکانی تر دێن.

وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر بەردەوامی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و چاودێریکردنی دۆخی پەتاکە کردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەند بن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەکەی بەدری : لەو ڕێکارانەدا هاتووە کە پێویستە گۆشت تەنها لە سەربڕخانە مۆڵەتپێدراو و تەندروستەکان بکڕدرێت و بە هیچ شێوەیەک ئاژەڵ لە نێو گەڕەکەکان و شوێنە نیشتەجێبوونەکاندا نابێت سەرببڕدرێت، هەروەها پێویستە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت و پاشماوەکانیاندا دەستکێش و جلوبەرگی خۆپارێزی بەکاربهێنرێت، لەگەڵ گرنگیدان بە بەرەنگاربوونەوەی مێرووی گەنە و شۆردنی بەردەوامی دەست و کوڵاندنی گۆشت بە پلەی گەرمیی بەرز و بۆ ماوەی پێویست.

سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە نیشانە سەرەتاییەکان بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و سەرئێشە و ئازاری جەستە و بێهێزی گشتی، کە لە هەندێک حاڵەتدا بەرەو خوێنبەربوون لە ژێر پێست یان لە کونەکانی لەش پەرە دەسەنێت.

هەر بۆیە جەخت کراوەتەوە کە لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکدا، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەن، پێویستە بە خێرایی سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکرێت.

لە کۆتاییشدا وەزارەتی تەندروستی ڕوونیدەکاتەوە کە ئەرکی سەرەکی ئەوان بریتییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکەشکردنی چارەسەر و هۆشیارکردنەوە، لە کاتێکدا بەرەنگاربوونەوەی مێرووی گەنە و ڕێگریکردن لە سەربڕینی هەڕەمەکی ئەرکی لایەنەکانی دیکەی وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و دەزگا ئەمنییەکان و شارەوانییەکانە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)