هەولێر -INA-ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ یەکشەممە،ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێرانی و بیانیی کرد کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لەسەر بێت) ڕوو لە عێراق دەکەن، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئامادەکارییە لۆجستیکی و ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دەستەبەرکردنی هاتنەناوەوەیان بە شێوەیەکی ئاسان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، هەریەک لە ،هەڵکورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی،و نوێنەرانی دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان،و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و فەرمانگەکانی گواستنەوە و گەشتوگوزار ئامادەی بوون.
پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئاماژەی بەوە کرد : کە لیژنەی باڵا ماوەی پێنج ساڵە بەشێوەیەکی ساڵانە کار بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران دەکات، ئەمەش ئەزموونێکی نوێی بەخشیوە و وایکردووە ساڵ بە ساڵ سەرکەوتووتر بن.
پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە کە ئەم ئەرکە لەلایەن حکوومەتەوە بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هیوای خواست هەوڵەکانی سەرجەم دامەزراوە و تیمە مەیدانییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت.
ووتیشی : لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی تەواوی نێوان سەرجەم دامەزراوە حکوومییەکان و تیمە مەیدانییەکان کرایەوە بۆ مسۆگەرکردنی هاتن و گواستنەوەی زیارەتکاران بە هێمنی و بە ئاسانی، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو شوێنە پیرۆزەکان لە پارێزگاکانی تری عێراق بەڕێبکەون.
هەر پەیوەست بەهەمان پرس، مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئامادەکارییە هونەری و خزمەتگوزارییەکانی خستەڕوو و دڵنیایی دا کە خزمەتگوزارییەکان بە هەماهەنگییەکی بەرز لەنێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتەکانی گواستنەوە،و تەندروستی، و ئاسایش و فەرمانگەکانی نشینگە و پاسپۆرت پێشکەش دەکرێن تاوەکو سەرجەم ئاسانکاری بۆ هاتن و گواستنەوەی زیارەتکاران فەراهەم بکرێت.
هەروەک بڕیارە پرۆسەکە لە 15ی ئەم مانگە دەست پێ بکات و تا ڕۆژی چلە بەردەوام بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم تواناکانی خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و پێشوازی هاتنی زیارەتکاران.