بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی خۆی لە بەردەوامبوونی گرژی و پێشهاتەکان کە ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە، دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوە، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاند: نیگەرانی خۆمان لە بەردەوامبوونی گرژی و پێشهاتەکان دەردەبڕین کە ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها ئەو لێکەوتانەی کە ڕەنگە کار بکەنە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بزووتنەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەدا جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان،و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و دراوسێیەتی باش، و خۆبەدوورگرتن لە هەر ڕێکارێک کە ببێتە هۆی هەڵکشانی گرژییەکان یان زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەلامەتی هاتووچۆی دەریایی کردەوە.
هەروەک ئەوەشی خستەڕوو کە کۆماری عێراق دووبارە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و دەستدرێژینەکردنە سەر ئاسایش و سەقامگیرییان دەکاتەوە، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە و بەهێزکردنی متمانەی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : وەزارەتی دەرەوە داوای پەیڕەوکردنی دیالۆگ و ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کرد و جەختیشی کردەوە لە پشتیوانی عێراق بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان، و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی ناوچەکەیە.