بەدواداچوون-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد باقر قاليباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، سەردەمی ڕێککەوتنە تاکلایەنەکان کۆتایی هاتووە ، یان دەبێت پابەندی بەڵێنەکان بن، یان باجی پابەندنەبوونەکە دەدەن.
محەممەد باقر قاليباف،سەرۆکی ئەنجوومەنی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە هەژماری خۆی لە سەکۆی "ئێکس" نووسیویەتی: سەردەمی ڕێککەوتنە تاکلایەنەکان کۆتایی هاتووە. پێمان وتوون: پابەند بن بە بەڵێن و پەیمانەکانتان،ئەگەرنا دەبێت باجەکەی بدەن،و ئێستاش دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە.
هەروەک قاليباف لە تویتەکەیدا بەشێکی لە بڕگەی پێنجەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی کە لە 14 بڕگە پێکهاتووە بڵاوکردەوە، کە تیایدا جەخت لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز بەپێی "ڕێکخستنە ئێرانییەکان" دەکاتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ سوپای پاسداران و سوپای ئێران ڕایانگەیاند، هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئەنجامداوە، کە ژمارەیەک بەرژەوەندی و بنکەی ئەمریکییان لە ئیمارات،و قەتەر، و کوێت،و بەحرێن، و ئوردن و سوڵتانەتی عومان کردووەتە ئامانج.
هاوکات سوپای ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو کە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێناوە، کە سێیەم هێرشە لەم هەفتەیەدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو: کە نزیکەی 140 ئامانجی سەربازیی ئێرانییمان بە بەکارهێنانی فڕۆکە لە بنکە زەمینی و دەریاییەکان،و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردبوو : کە هێرشەکان دوای ئەوە هاتوون کە سوپای پاسداران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی کۆنتێنەر کە ئاڵایی قوبرسی هەڵگردبوو.
سەرچاوە: RT