هەمەڕەنگ – INA
شەوەندەر بەهۆی دەوڵەمەندییەکەی بە ڤیتامین، کانزا و پێکهاتە سروشتییەکان، پێگەیەکی تایبەتی لەنێوان سەوزە ڕەگێییەکاندا هەیە. ئەم سوودانە بەستراونەتەوە بە پاڵپشتیکردنی کۆئەندامی دڵ و بۆرییەکانی خوێن و باشترکردنی توانای جەستەیی.
شەوەندەر بەوە جیادەکرێتەوە کە کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزای گرنگی تێدایە، وەک: حامز فۆلیک (فۆلێت)، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، ئاسن و مەگنیسیۆم. هەروەها بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوە سروشتییەکان بە "نیتراتی خۆراکی" دادەنرێت؛ ئەمانە پێکهاتەیەکن لەناو جەستەدا دەگۆڕێن بۆ "ئۆکسیدی نیتڕیک" کە یارمەتی فرەوانبوونی بۆرییەکانی خوێن و باشترکردنی تەوژمی خوێن دەدات.
پسپۆڕی خۆراک، لیلی سوتەر، ئاماژە بەوە دەکات کە شەوەندەر بەشێکی سەرەکییە لە سستمی خۆراکییەکەی، نەک تەنها بەهۆی ڕۆڵی ئەگەری لە پاڵپشتیکردنی توانای وەرزشی و پاراستنی پەستانی خوێنێکی تەندروست، بەڵکو بەهۆی تامە تایبەتەکەی و ڕەنگە سروشتییە سەرنجڕاکەشەکەیەوە.
ئەو دەڵێت کە شەوەندەر لە زەڵاتەدا بەکاردێنێت، هەروەها شەربەتەکەی زیاد دەکات بۆ نان، مەعکەرۆنی و سۆسەکان (چاشنی) بۆ بەرزکردنەوەی بەهای خۆراکییان و بەخشینی ڕەنگێکی سووری مایل بۆ مۆر.
چۆن سوود بە دڵ و پەستانی خوێن دەگەیەنێت؟
کارتیکردنی شەوەندەر لەسەر تەندروستی دڵ، یەکێکە لەو سوودانەی کە زۆرترین سەرنجی توێژەرانی ڕاکێشاوە. چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو نیتراتە سروشتییەی لە شەوەندەردا هەیە لەناو جەستەدا دەگۆڕێت بۆ ئۆکسیدی نیتڕیک، ئەمەش یارمەتی حەسانەوە و فرەوانبوونی بۆرییەکانی خوێن دەدات، کە دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشترکردنی سوڕی خوێن.
پێداچوونەوەیەکی زانستی کە ۱۱ تاقیکردنەوەی کلینیکی گرتەوە، دەریخست کە خواردنی شەوەندەر پەیوەست بووە بە دابەزینی پەستانی خوێنی سیستۆڵی (گرژبوون)، لەکاتێکدا کاریگەرییەکەی لەسەر پەستانی خوێنی دیاستۆڵی (خاوبوونەوە) کەمتر ڕوون بووە.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە شەوەندەر دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی پەستانی خوێن لای کەسانی تەندروست و هۆکاریش بێت بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە زیاتر لەژێر مەترسی تووشبووندان بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن.
سوتەر ڕوونی دەکاتەوە کە زۆربەی توێژینەوەکان پشتیان بە خواردنی ڕۆژانەی شەربەتی شەوەندەر بەستووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هێنانەناوەوەی شەوەندەری تەواو (سەلیم) بۆ ناو سستمی خۆراکی چەند جارێک لە هەفتەیەکدا، هێشتا بە بژاردەیەکی تەندروست دەمێنێتەوە کە ڕیشاڵ، ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە.
ئایا توانای وەرزشی باشتر دەکات؟
باشترکردنی توانای وەرزشیش پەیوەستە بەو نیتراتەی لە شەوەندەردا هەیە؛ چونکە ئۆکسیدی نیتڕیک یارمەتی زیادکردنی تەوژمی خوێن بۆ ماسولکەکان و باشترکردنی کارایی بەکارهێنانی ئۆکسجین لەکاتی ڕاهێنانەکاندا دەدات، ئەمەش لەوانەیە توانای بەرگەگرتن لای هەندێک کەس بەرز بکاتەوە.
لەبەر ئەم هۆکارە، شەربەتی شەوەندەر بووەتە یەکێک لەو خواردنەوانەی کە ژمارەیەک لە وەرزشوانان پێش پێشبڕکێکان یان ڕاهێنانە چڕەکان پێی باشترە بیخۆنەوە.
ئەی چۆن کاریگەری لەسەر تەندروستی سێکسی هەیە؟
شەوەندەر سەرنجی زۆری ڕاکێشاوە بەهۆی ڕۆڵی ئەگەری لە باشترکردنی فەرمانی سێکسیدا، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە کە ڕۆیشتنی باشی خوێن فاکتەرێکی بنەڕەتییە لە تەندروستی سێکسیدا.
سوتەر ڕوونی دەکاتەوە کە باشتربوونی تەوژمی خوێن کە بەهۆی ئۆکسیدی نیتڕیکەوە دروست دەبێت، پاڵی بە هەندێک توێژەرەوە ناوە بۆ گریمانەکردنی ئەوەی کە شەوەندەر لەم لایەنەدا سوودبەخش بێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە بەڵگە زانستییەکانی ئێستا هێشتا بەس نین بۆ سەلماندنی ئەم کاریگەرییە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە.
سوودەکانی بۆ کۆئەندامی هەرس
سوودەکانی شەوەندەر تەنها بە دڵەوە سنووردار نین، بەڵکو بە سەرچاوەیەکی باشی ڕیشاڵەکان دادەنرێت کە یارمەتی باشترکردنی هەرس دەدەن. هەروەها ماددەی "پێکتین"ی تێدایە کە وەک خۆراکێک بۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵە (پڕۆبایۆتیک) کاردەکات، ئەمەش بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی تەندروستی کۆئەندامی هەرس.
سوتەر ئاماژە بەوە دەکات کە شەوەندەری ترشێنراو دەکرێت بەکتریای سوودبەخشی زیاتر دابین بکات، بە پێچەوانەی شەوەندەری ترشیات (مخلل) لەناو خەلدا کە بەزۆری پرۆسەی ترشاندنی بەسەردا نایەت.
بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی کە شەوەندەر کاربۆهیدراتی شیاوی ترشاندنی تێدایە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوسانی سک و غازات لای هەندێک لەو کەسانەی کە بەدەست نیشانەکانی کۆنیشانەی قۆڵۆنی عهسهبیـەوە دەناڵێنن.
بەهایەکی خۆراکی بەرز
یەک ژەمی شەوەندەر کە کێشەکەی ۸۰ گرام بێت، نزیکەی ٤٤٪ی پێویستی ڕۆژانەی پێشنیارکراو لە حامز فۆلیک دابین دەکات، جگە لە نزیکەی ۱٣٪ی پێویستی ڕۆژانە لە مەنگەنیز.
هەروەها ڤیتامین "C"، پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم و ئاسنی تێدایە، لەگەڵ بڕێکی باش لە ڕیشاڵەکان، و وزەی گەرمی (کالۆری) لە یەک ژەمدا لە ٣٤ کالۆری تێپەڕ ناکات.
ئامۆژگاری دەکرێت کە لەگەڵ خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە ڤیتامین "C" بخورێت، وەک لیمۆ یان پرتەقاڵ، بۆ یارمەتیدان لە زیادکردنی هەڵمژینی ئاسن.
ڕەنگە سوورەکە سوودی زیاتری پێوەیە
ڕەنگە سوورە تایبەتەکەی شەوەندەر دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەیەک کە بە "بیتالینەکان" ناسراون، ئەمانەش ڕەنگکەری ڕووەکین کە خاوەنی تایبەتمەندی دژەئۆکسان و دژەهەوکردنن.
ئەم پێکهاتانە یارمەتی پاراستنی خانەکان دەدەن لە زیانەکانی ڕادیکاڵە ئازادەکان کە بەهۆی پیسبوونی ژینگە، تیشکی سەروو بنەوشەیی و دووکەڵی جگەرەوە دروست دەبن، ئەمەش بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی تەندروستی گشتی، هەرچەندە زاناکان جەخت لە پێویستی توێژینەوەی زیاتر دەکەنەوە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانیان.
کەی پێویستە وریابین؟
ئەو کەسانەی دەرمانی چارەسەری بەرزەپەستانی خوێن یان سستبوونی دڵ دەخۆن، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە، ئامۆژگاری دەکرێن کە پێش خواردنی بڕێکی زۆر لە شەوەندەر یان تەواکەرە خۆراکییەکانی، ڕاوێژ بە پزیشک بکەن، چونکە نیترات دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو.
هەروەها ڕەنگە شەوەندەر گونجاو نەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە بەدەست بەردی گورچیلەی دروستبوو لە "ئۆکسالاتی کالسیۆم"ەوە دەناڵێنن، بەهۆی بەرزی ڕێژەی ئۆکسالات تێیدا.
لەکاتی کڕینی شەوەندەری ترشیاو ، وا باشترە سەرنج بدرێتە بڕی خوێ و شەکرە زیادکراوەکە، چونکە لەوانەیە هەندێک لە سوودە تەندروستییەکانی کەم بکەنەوە.