🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

شاندێکی کۆنگرێس داوای پشتگیری لە ئۆکراینا و چاکسازیی لە دیمەشق دەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/10 00:29

شاندێکی هاوبەشی کۆنگرێس کە لە ئەندامانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری پێکهاتبوو، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ چەندین کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانێتییەکە و ڕابەرانی وڵاتانی هاوپەیمان ئەنجام دا، بۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیریی کۆنگرێس بۆ ناتۆ.

ئەندامانی شاندەکە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکراینا و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا کۆبوونەوە.

دوای ئەو دیدارانە، ئەو ئەندامانە چەند ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پشتگیریی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بۆ ناتۆ کرایەوە، سەرەڕای مشتومڕەکان سەبارەت بە خەرجیی بەرگری و ئاستی ئامادەباشیی سەربازی و ڕۆڵی ئەمەریکا لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا.

ئەندامانی کۆنگرێس هەروەها جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پشتگیریی بۆ ئۆکراینا کردەوە.

یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، بڕیاری سەرۆک دوناڵد ترامپ بوو بۆ ڕێگەدان بە ئۆکراینا هەتا بتوانێت مووشەکی پاتریۆت لە ناوخۆی وڵاتەکەدا بەرهەم بهێنێت. ئەندامانی کۆنگرێس ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا دەزانن.

لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە مانگی دووی ساڵی 2024، موسکۆ نزیکەی دە هەزار مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، بەڵام هێزەکانی ئۆکراینا تەنها توانیویانە نزیکەی 2500ـیان تێک بشکێنن.

سیستەمی پاتریۆت گرنگترین چەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکە بالیستییەکانی ڕووسیا. لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سەدان لەو مووشەکانەیان بۆ ئۆکرانیا دابینکردووە، بەڵام ئەو بڕە بەپێی پێویست نەبووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکییە زۆرەکانی رووسیا.

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی، بەردەوام داوای لە هاوپەیمانانی کردووە مووشەک و سیستەمی بەرگری زیاتر بۆ ئۆکراینا دابین بکەن.

بەرهەمهێنانی موشەکی پاتریۆت لە ناوخۆی ئۆکراینا دەتوانێت لە داهاتوودا ژمارە و خێرایی دابینکردنی مووشەکەکان زیاد بکات. بەڵام بە پێی راپۆرتێکی بلومبێرگ ئەو پرۆسەیە ڕەنگە ساڵێک یان زیاتر بخایەنێت، بۆیە کاریگەریی دەستبەجێی بڕیارەکە لە ئێستادا زیاتر سیاسی و مەعنەوییە لەوەی سەربازی بێت.

سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ سەرۆک زێلنسکی ڕایگەیاند ئەمەریکا دەستبەجێ ناتوانێت ئەو مووشەکانە بدات بە ئۆراینا، بەو پێیەی ئەمەریکا ژمارەیەکی لە ڕادەی پێویست زیادی نییە و "خۆشمان پێویستیمان پێی هەیە."

پشتگیری بۆ سوریا

لە کۆبونەوەیاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ئەندامانی کۆنگرێس باسییان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی نێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

لە بەیاننامەیەکدا سیناتۆر جین شاهین، کە ئەندامێکی شاندەکەبوو، ڕایگەیاند کە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بونیادنانەوەی سووریا هاوکات بێت لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانیی گشتگیر کە ماف و پاراستنی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و پێشکەوتنی بەردەوام لە ئارامی و دەرفەتی ئابووری بۆ هەموولایەک دەستەبەر بکات.

لە دوا رۆژی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە فەرمی دەستی بە پرۆسەی لابردنی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوان لە تیرۆر کرد. ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوە لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆکی سوریا هات. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی دوازدەی ساڵی 2024.

هەفتەی ڕابردوو، دەنگی ئەمەریکا دەقی نامەیەکی دوو سیناتۆری دیموکرات و ئەندامێکی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە کە داوایان لە وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ کردبوو سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتگیریکاری تیرۆر لاببات.

لە نامەکەدا ئاماژەیان بەوەدابوو کە هۆکارەکانی دانانی سوریا لەو لیستەدا نەماون، بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە سەرکاری حکومەتێکی نوێ. ئاماژەیان دابوو کە مانەوەی سوریا لە لیستی پشتگیریکارانی تیرۆر ڕێگری لە گەشەی ئابووری و بونیادنانی وڵاتەکە دەکات.

چاودێران دەڵێن لابردنی سوریا لەو لیستە گرنگییەکی ئابووری زۆری هەیە، چونکە بەپێی خەمڵاندنەکان دووبارە بونیادنانەوەی سووریا پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار هەیە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنان و هاوکارییە دارایییە نێودەوڵەتییەکان لاببات.

لەهەمان کاتدا ئەندامانی کۆنگرێس جەختیان کردووەتەوە کە پشتگیرییان بۆ لابردنی سووریا لە لیستەکە بە مانای کۆتاییهاتنی فشارەکانی واشنتن لەسەر دیمەشق نایەت. لە نامەکەیاندا داوایان لە وەزیری دەرەوە کردووە بەردەوام بێت لە فشار کردن بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ڕووسیا لە سوریا، دوورخستنەوەی چەکدارە بیانییەکان لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەت، بە فەرمی ناساندنی حزبوڵا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بەردەوامبوون لە پرۆسەی یەکخستنی ناوچەکانی سوریا بە شێوەیەکی ئاشتییانە، فراوانکردنی بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات لە دەسەڵات و دامەزراوەکانی دەوڵەت، وە هەروەها فراوانکردنی ڕۆڵی ژنان لە حکومەت و دامەزراوە ئاسایشییەکاندا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)