بەغدا – INA
قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی , خاوەنی دیدگایەکی تەواوکاری و گشتگیرە بۆ چاکسازی و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە : "قاسم عەبوودی پێشوازی لە ئەلیثیا ڕیکۆ پێربێس دێل بۆڵگار، باڵیۆزی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد."
لە دیدارەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات کرا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل بکات، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان کرایەوە.
عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق کراوەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خاوەن دیپلۆماسییەتێکی کاریگەرە، کە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانە، لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەپێدان کە خزمەت بە تەمەنای گەلانی ناوچەکە بکات.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، دیدگایەکی گشتگیری هەیە و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات لەسەر زەمینەی واقیع، ئەوەش لە ڕێگەی بنبڕکردنی گەندەڵی، قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، گەشەپێدانی ئابووریی وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوووڵاتییان دەکرێن."
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیسپانیا ستایشی ڕۆڵی سەرەکی عێراقی کرد لە هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و جێگیرکردنی دۆخی ناوچەکە، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی کارکردن و هاوکاری لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا.