بەدواداچوون – INA
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە فەرمی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: "سەرۆکوەزیرانی قەتەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشتووە و تێیدا دواین پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کردووە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرکۆنە و ناڕەزایەتیی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز دەربڕیوە."
هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی لەسەر "پێویستیی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە دیالۆگ و جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە کردووەتەوە کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیاندا لەسەری ڕێککەوتوون."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە قەتەر جارێکی دیکە پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپات کردووەتەوە کە مەبەست لێیان کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرە لە ناوچەکەدا.