وهرزش– INA
یانەی ئیتیحادی سعوودی هاتووەتە ناو پێشبڕکێی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەی میسری، محەمەد سەڵاح، باڵی ڕاستی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ئەمەش دوای ئەوەی کارگێڕی یانەکە دۆسیەی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا سەرلەنوێ کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "الرياضية"، ئەم هەنگاوەی یانەی ئیتیحاد دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی یانەکە بە تەواوی باوەڕیان بەو بەها هونەری و بەبازاڕکردنە گەورەیە هێناوە کە سەڵاح نوێنەرایەتی دەکات، بەتایبەتی لە کاتی پەیڕەوکردنی پێوەرێکی نوێ لە لایەن ڕابیتەی خولی سعوودیەوە کە پەیوەستە بە ڕێژەی بینینی تەلەفزیۆنی و کاریگەریی جەماوەریی گرێبەستەکان لە کاتی هەڵسەنگاندنی گرێبەستە گەورەکاندا.
سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە کارگێڕی ئیتیحاد چاوپۆشی ناکات لە بەردەوامبوون لەسەر ئەم گرێبەستە، بە مەرجێک ڕەزامەندی بەرنامەی ڕاکێشانی یاریزانان بەدەست بهێنێت و پێداویستییە داراییە پێویستەکانی بۆ دابین بکرێت، ئەمەش یانەی ئیتیحاد دەخاتە ناو ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەو یانانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی کاپتنی هەڵبژاردەی میسر دەدەن.
ئەم بایەخپێدانەی ئیتیحاد لە کاتێکدایە کە پێشتر ناوی محەمەد سەڵاح بە توندی بەستراوەتەوە بە گواستنەوەی بۆ یانەی ئەهلی، بەتایبەتی دوای ڕۆیشتنی ئەستێرەی جەزائیری ڕیاز مەحرەز؛ چونکە کارگێڕی یانەی ئەهلی پێی وایە کاپتنەکەی لیڤەرپوول گونجاوترین بژاردەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تیمی یانەکەیان.
سەرباری ئەوەی کە سیاسەتی ئیتیحاد لەم ماوەیەی دواییدا سەرنجی خستبووە سەر ڕاکێشانی یاریزانانی تەمەن گچکەتر، بەڵام پێگەی جیهانیی محەمەد سەڵاح و بەها هونەری و بازرگانییەکەی وای لە یانەکە کردووە سەرلەنوێ سەیری ئەولەویەتەکانی خۆی بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە، چەندین ڕاپۆرتی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە گواستنەوەی سەڵاح بۆ خولی سعوودی هێشتا ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ دەبێتەوە، ئەمەش لە ژێر تیشکی بایەخپێدانی یانەی ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەم یاریزانە، ئەمە جیا لە ئارەزووی خۆی بۆ مانەوە لە خولی نایابی ئینگلیزیدا (پرێمەرلیگ).
محەمەد سەڵاح خاوەنی مێژوویەکی ناوازەیە کە لەگەڵ یانەی "المقاولون العرب" دەستیپێکردووە، پێش ئەوەی لە ئەوروپا لەگەڵ یانەکانی بازل، چێڵسی، فیۆرێنتینا و ڕۆما بدرەوشێتەوە، و دواتر سەرکەوتنی گەورە لەگەڵ لیڤەرپوول بەدەست بهێنێت، کە تێیدا نازناوی خولی نایابی ئینگلیزی و خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپای بردەوە، هاوشانی چەندین دەستکەوتی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ.
سەرچاوە: ئاژانسەکان