بەغداد – INA
قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی زەیدی پاڵپشتی کرانەوە بەڕووی وڵاتانی جیهاندا دەکات بە مەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پێشوازی لە دانیال کریپەر، باڵیۆزی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە عێراق کرد".
بەپێی راگهیندراوهكه، لە کاتی دیدارەکەدا "باس لە بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا کۆرا، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات".
عەبوودی لە کاتی دیدارەکەدا ئاماژەی بە "گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ لەناوبردنی تیرۆر و هزری توندڕەوی"، ڕوونیشی کردەوە کە "عێراق قوربانیی زۆری داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا و لە جیاتی هەموو جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەنگاوە، و هەنگاوی بوێرانەی ناوە، لەوانەش وەرگرتنەوەی زیندانیانی تیرۆریست".
جەختیشی کردەوە کە "عێراق پابەندە بە دەستوورەوە کە ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، و پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە لەو بابەتانەی پەیوەستن بە ئازادیی گەشتی دەریایی و بازرگانی"، دووپاتیشی کردەوە کە "حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، پاڵپشتی کرانەوە بەڕووی سەرجەم وڵاتانی جیهاندا دەکات، بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و باشترکردنی ئابووریی وڵات".
لای خۆشیەوە، باڵیۆزی ئەڵمانیا "پیرۆزبایی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا"، و جەختی لەسەر "گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان" کردەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە "عێراق ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە هاوسەنگیی ناوچەکەدا، و ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا".