هەولێر – INA - ایڤان ناسر
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کڕینەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانەوە ڕاگەیاند.
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (١٧٠٦) لە ڕێککەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەرچووە، کە تایبەتە بە پشتگیریکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە هەرێمدا."
وتیشی: "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر کڕینەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە ڕێگەی لیستێکی دیاریکراو لە کۆمپانیا و بازرگانان،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەو کۆمپانیایانە ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕیوە بۆ کڕینەوەی بەرهەمەکە لە جوتیاران و هەناردەکردنی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمەوە."
شوکری داوای لە جوتیارانی گەنم کرد کە "پەیوەندی و هەماهەنگی بکەن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە میکانیزمەکانی کارکردن و ڕێنماییەکانی ڕادەستکردنی بەرهەمەکانیان."