نووسینی: ئیبراهیم عەبادی
ژینگەی ستراتیژی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەنگاوی خێرا و ڕوون دەگۆڕێت. ئەو شەڕەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی ئێران بەرپایان کرد، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە گۆڕینی دیدگای ئێران بۆ ئەوەی تاران پێی دەڵێت "هەژموونی هەرێمی" یان بۆ ستراتیژییە بەرگرییەکەی. هەروەها ئەو پەیامانەی لە سەرکردایەتیی ئێرانەوە ئاراستەی دەرەوە دەکرێن، لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لە ناوخۆدا هەیە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران هێشتا ڕژدە لەسەر پاراستنی پێگەی خۆی وەک هێزێکی هەرێمیی گەورە، سەرەڕای ئەو زیانە قورسانەی پێی گەیشتوون و ئەو زەرەرە گەورانەی کە بەر بنکە سەربازی و ئابوورییەکەی کەوتوون.
لە بەری دیکەی کەنداودا، قەناعەتی نوێ لای وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو سەبارەت بە نزیکبوونەوە لە ئاسایشی هەرێمی گەڵاڵە دەبێت. ئەم نزیکبوونەوەیە چیتر تەنیا لەسەر بنەمای ڕێگریی نەریتی یان بنیاتنانی هاوبەشیی ئاسایشیی تایبەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، یان کرانەوە بەڕووی ئیسرائیلدا نییە وەک ئەوەی هەندێک وڵات گرتیانەبەر، بەڵکو بەرەو هەمەجۆرکردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییە کاراکاندا هەنگاو دەنێت، لە ڕێگەی بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، چین و ئەوروپا، و دوورنەخستنەوەی ڕووسیا لە هاوکێشەی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان. ئەم ئاڕاستەیەش ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی پەرەسەندووە کە جیهان بەرەو فرەناوەندیی هێز هەنگاو دەنێت، و پشتبەستن بە یەک هاوبەش چیتر بۆ زامنکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەس نییە.
بەڵام هەمەجۆرکردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ هێزە گەورەکاندا، وەک چین، بەریتانیا، فەڕەنسا و تەنانەت ڕووسیاش، ژینگەیەکی هەرێمیی بێ تەحەددی زامن ناکات، و ڕێگری لە سەرهەڵدانی قەیرانی دوولایەنە یان فرەلایەنە ناکات مادام ململانێی جیۆپۆلەتیکی بەردەوامە، و مادام هەژمارە ئاسایشییەکان لە ناوچەکەدا لە دیدگایەکەوە سەرچاوە دەگرن کە ترس، گومان و نەبوونی متمانە دەیجووڵێنێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لە ناو ئەو دۆخەدا دەژیت کە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە "مەتەڵی ئاسایشی" ناوی دەبەن، کاتێک هەر لایەنێک ڕێکارە بەرگرییەکانی لایەنەکەی تر وەک هەڕەشە لێکدەداتەوە، و بە ڕێکاری هاوشێوە وەڵام دەداتەوە، بۆ ئەوەی ناوچەکە بکەوێتە ناو بازنەیەکی بەردەوام لە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن، شەڕی وەکالەت، و داخورانی متمانەی سیاسی.
نووسەر ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی درک بەوە دەکەن کە بەردەوامبوونی گۆشەگیرکردنی ئێران لەسەر ئاستی هەرێمی، ڕەنگە پاڵی پێوە بنێت بۆ جێگیرکردنی ستراتیژییەتێکی دەستوەردەرانەی زیاتر، و سیاسەتی خۆپارێزیی خاوەن سروشتێکی هێرشبەرانە، بەڵام ئەمە لە تێڕوانینی بڕیاردەری ئێرانییەوە لە پاڵنەری بەرگرییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێران سەیری مانەوەی سیستەمە سیاسییەکەی، یەکپارچەیی خاکەکەی، و سەقامگیریی ناوخۆیی خۆی وەک ئەولەویەتێکی بوونی دەکات، بۆیە لە گۆشەنیگای گومان و نەبوونی متمانەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەی هەرێمیی خۆیدا دەکات، ئەم دۆخەش لەدایکبووی ساڵانی دوایی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕيشەی بۆ گەشەسەندنی سیاسەتی دەرەوە و بەرگرییەکەی لە سەدەی 19یەمەوە درێژ دەبێتەوە، و دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیش بەهۆی شەڕ و سزاکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتییەوە بەهێزتر بووە.
هاوکات، ناوچەکە شاهیدی وەرچەرخانێک دەبێت کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە وەرچەرخانە سەربازییەکان. ململانێکان چیتر تەنیا لەسەر سنوور و هەژموونی سیاسی نین، بەڵکو گوازراونەتەوە بۆ ڕکابەرایەتی لەسەر ڕێڕەوە ئابوورییەکان، هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز، تۆڕەکانی بازرگانیی جیهانی، هێڵی ئاسن، بەندەرەکان، و وێستگەکانی کۆگا کردن و دابەشکردن. جوگرافیای ئابووری بووەتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی هێزدا، و ڕەنگە لە هەندێک پەڕاودا کاریگەریی زیاتر بێت لە هێزی سەربازی.
لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەکانی هاوکاری سەر هەڵدەدەن کە تورکیا بە سعودیە، و ئیمارات بە سعودیە و میسرەوە دەبەستنەوە، لەپاڵ پڕۆژە هیندییەکە کە پاڵپشتیی ئەمریکی هەیە و ئامانجی بەستنەوەی هیندستانە بە ئەوروپاوە بە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ پێدانی پێگەیەکی میحوەری بە ئیسرائیل تێیدا. لە بەرامبەردا، چین بەردەوامە لە گەشەپێدانی پڕۆژەی "پشتێن و ڕێگا" کە بایەخێکی جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی گەورە بە ئێران و تورکیا دەبەخشێت. هەروەها ئەوروپاش بایەخێکی پەرەسەندوو نیشان دەدات بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگیر بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بە ناو تورکیادا، بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوە نەریتییەکان.
سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، کار دەکات بۆ دووبارە ئەندازیاریکردنی ژینگەی هەرێمی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ئاسایش و ئابووری لە ناو یەک پڕۆژەدا، کە بنەمای لەسەر تێکەڵکردنی ئیسرائیلە لە سیستەمی هەرێمیدا، و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا و لوبنان، و تەواوکردنی ڕێڕەوی ئاساییبوونەوە تاوەکو شانشینی عەرەبی سعوودی بگرێتەوە، ئەمەش دەبێتة هۆی دروستبوونی سیستەمێکی ئاسایشی و ئابووریی نوێ، کە تێیدا بەرژەوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕێکخستنە ئاسایشییەکاندا تێکەڵ دەبن، و ڕێڕەوە ئابوورییەکان دەبنە یەکێک لە ئامرازەکانی دروستکردنی هەژموون.
ئەم وەرچەرخانانە دەریدەخەن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی پلەبەپلە لە قۆناغێکەوە دەگوازرێتەوە کە تێیدا هێزی سەربازی دیاریکەری سەرەکیی هاوسەنگیی هێز بوو، بۆ قۆناغێک کە تێیدا جوگرافیای ئابووری ئەم ڕۆڵە لەگەڵ جوگرافیای سیاسیدا بەش دەکات. ئەو دەوڵەتەی خاوەنی پێگەیەکی کاریگەر بێت لە تۆڕەکانی وزە، بازرگانی و وەبەرهێناندا، توانای زیاتری دەبێت بۆ کاریگەری دانان لەسەر ژینگەی هەرێمی، تەنانەت ئەگەر خاوەني باڵادەستیی سەربازیی ڕەهاش نەبێت. لەبەر ئەوە، پاشەڕۆژی ناوچەکە تەنیا بە ژمارەی موشەکەکان یان قەبارەی خەرجییە سەربازییەکان دیاری ناکرێت، بەڵکو بە توانای دەوڵەتەکان لەسەر بەرهەمهێنانی سەقامگیری، بنیاتنانی متمانە، و گۆڕینی جوگرافیا بۆ سەرچاوەی تەواوکاریی ئابووری لەجیاتی ئەوەی وەک گۆڕەپانی ململانێ بمێنێتەوە.
عێراقیش لە دڵی ئەم وەرچەرخانانەدا وەستاوە، بەڵام هێشتا بە دیدگایەکەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات کە لایەنی تاکتیکی بەسەر بیرکردنەوەی ستراتیژیدا زاڵە. پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، کە نوێنەرایەتیی یەکێک لە گرنگترین ڕەهەنە ئابوورییەکانی عێراق دەکات، لەگەڵ گواستنەوەی بایەخی هەندێک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژە و ڕێڕەوە جێگرەوەکان کە سەقامگیرتر و کەمخەرجیتر دیارن لە ڕووی ئاسایشی و سیاسییەوە، ڕووبەڕووی تەحەددیاتی پەرەسەندوو دەبێتەوە. هەروەها ئەو وڵاتانەی کە سەیری پێگەی جوگرافیی عێراق دەکەن وەک گرێکوێرەی بەستنەوەی نێوان کەنداو، تورکیا و ئەوروپا، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە جێگرەوەکانی تر بەهۆی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان.
کێشە قووڵەکە ئەوەیە کە عێراقییەکان، تاوەکو ئێستا، ڕێک نەکەوتوون لەسەر بنیاتنانی تێڕوانینێکی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ ئاسایش و بەرگری کە ئەولەوییەتەکانی دەوڵەت دیاری بکات و بەرژەوەندییە داهاتووەکانی بپارێزێت. هێشتا دابەشبوونەکە بەردەوامە لە نێوان دیدگای دەوڵەت کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقییەوە سەرچاوە دەگرێت، و لە نێوان دیدگای کۆمەڵە ئایدیۆلۆژییەکان کە بژاردەکانی خۆیان بە هەژمارە هەرێمییەکانەوە دەبەستنەوە کە لە سنوورەکانی دەوڵەت تێپەڕ دەبێت، ئەمەش ڕەنگدەداتەوە بەسەر سیاسەتی دەرەوە، بژاردەکانی ئاسایشی نیشتمانی، و توانای عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی هەرێمیی نوێدا.
پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا ئێران و هاوپەیمانەکانی لە کاراکەرە نادەوڵەتییەکان ، درک بە قەبارەی ئەو وەرچەرخانانە دەکەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن؟ ئایا پراگماتییەتی سیاسی بەسەر لۆژیکی ململانێی کراوەدا زاڵ دەبێت، بە شێوازێک کە بەرەو پێداچوونەوەیەکی ستراتیژی بڕوات کە چەمکی ئاسایشی هەرێمی و ئامرازەکانی هەژموون دووبارە پێناسە بکاتەوە؟ یان ناوچەکە وەک دیلی شێوازەکانی بیرکردنەوە کۆنەکان دەمێنێتەوە کە بوونە هۆی بنبەستی ستراتیژی و شەڕە دووبارەبووەکان؟
پێداچوونەوەی ستراتیژی، ئەگەر ڕووبدات، تەنیا گۆڕانکاری نابێت لە گوتاری سیاسیدا، بەڵکو دووبارە پێناسەکردنەوەی سەرچاوەکانی خودی هێز دەبێت. هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا تەنیا بە خاوەندارێتیی چەک یان فراوانکردنی ناوچەکانی هەژموون ناپێورێت، بەڵکو بە توانای تێکەڵبوون لە تۆڕەکانی ئابووری جیهانی، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، بنیاتنانی هاوبەشیی هاوسەنگ، و گۆڕینی سەقامگیری بۆ سەرمایەیەکی ستراتیژیی هەمیشەیی دەبێت. بەڵام ئەو دەوڵەت و هێزانەی کە وەک دیلی هاوکێشەکانی ململانێی کۆن دەمێننەوە، ڕەنگە خۆیان لە دەرەوەی ئەو سیستەمە هەرێمییەدا ببیننەوە کە ئەمڕۆ دیمەنەکانی گەڵاڵە دەبن، کاتێک بەندەر، ڕێڕەوە بازرگانییەکان، وزە و وەبەرهێنان بوونەتە ئامرازی هەژموون کە گرنگییان کەمتر نییە لە سوپا و موشەکەکان.