بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەی هێزەکانی سنوور، فەریق (مافپەروەر) محەمەد عەبدولوەهاب سووکەر، جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری هاوبەش لەگەڵ هاوتا سوورییەکەیدا، عەمید حەسەن عەبدولغەنی کردەوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "ناوچەی سنووریی قائیم، ئەمڕۆ شاهیدی بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی سنووریی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری عەرەبیی سووریا بوو، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق فەریق (مافپەروەر) محەمەد عەبدولوەهاب سووکەر، و فەرماندەی پاسەوانی سنووری کۆماری عەرەبیی سووریا عەمید حەسەن عەبدولغەنی و شاندی هاوڕێی، لەپاڵ ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەفسەرانی پەیوەندیدار لە هەردوولا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، تاووتوێی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی سنووری هەردوو وڵاتدا کرا، لەگەڵ تاووتوێکردنی ئەو ڕێگایانەی کە زامنی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەن، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددییە ئەمنییانەی ڕەنگە کاریگەری بکەنە سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فەرماندەی هێزەکانی سنوور جەختی لە "گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی هەردوو وڵات کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری هاوبەش"، و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئەم کۆبوونەوەیە بناغەی بۆ کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن داناوە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری بە درێژایی شریتی سنووری نێوان هەردوو وڵات".
لەلایەن خۆیەوە، فەرماندەی پاسەوانی سنووری کۆماريی عەرەبیی سووریا جەختی کردەوە کە "کۆبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی لێکەوتووەتەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، سەرەڕای کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیی خێرا و نەرم لە نێوان فەرماندە مەیدانییەکانی هەردوولادا، بە جۆرێک هاوئاهەنگی هاوبەش بەهێز بکات و پاڵپشتی ئاسایشی هەردوو وڵاتی برا بکات".