بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ڕێکارە حکوومی و دادوەرییەکان دووپات کردەوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی دەگیرێنەبەر، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە ڕاگەیاند.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی ، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا، تێیدا پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کران، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسییە ڕێکخراوەییەکانی فراکسیۆنی پەرلەمانی.
بەیاننامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی بنیاتنانی دامەزراوەیی، کۆبوونەوەکە پەیڕەوی ناوخۆی فراکسیۆنی پەرلەمانی پەسەند کرد، و سەرۆکی فراکسیۆن، دوو جێگر، و بڕیاردەر و وتەبێژی فەرمیی هەڵبژارد، ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی توانای کاری پەرلەمانی، و جێگیرکردنی ئەدای دامەزراوەیی و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی بڕیاردان.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : هاوپەیمانییەکە پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بە درێژەدان بە دەرکردنی ئەو پاکێجە یاسایانەی کە فراکسیۆنەکەی پێشکەشی کردوون، و کارکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە پێشینەیان هەیە و پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، هەروەها پەرەپێدانی گەشەپێدانی ئابووری،و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، و جێگیرکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە و خواستەکانی گەلەکەماندا بگونجێت.
لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە : دووبارە پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێکارە حکوومی و دادوەرییەکان دووپات کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی دەیگرنەبەر،بەپێی دەقەکانی دەستوور و یاسا، بە جۆرێک کە سەروەریی یاسا بەهێز بکات،و سەربەخۆیی دادوەری بپارێزێت،و بنەمای لێپرسینەوە بچەسپێنێت، و دڵنیایی بدات لە بەدیهێنانی دادپەروەری بەدوور لە هەر بە سیاسییکردن، یان جیاکارییەک.
هەروەک هاوپەیمانییەکە جەختی لە پشتیوانیکردنی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە،و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکان،و چەسپاندنی سەروەریی یاسا،و پابەندبوون بە بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆ، و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە هەر بوونێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق کردەوە، بە جۆرێک کە سەروەریی تەواوی دەوڵەت بەسەر خاک و ئاسمان و ئاوەکانی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بەدی بێت.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەدرێژەی بەیاننامەکەدا ئەوەش دەخاتە ڕوو : کە بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی، و کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، و جێگیرکردنی سەقامگیری، و بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی چاکسازی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بە جۆرێک کە خواستەکانی هاووڵاتییان بەدی بهێنێت و خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات.