🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دهۆک ئامادەیی خۆی بۆ میوانداریکردنی یەکەمین وەشانی جامی سووپەری کەنداو ڕادەگەیەنێت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/03 20:20

دهۆک- INA- سورا ئەیاد

یانەی تۆپی پێی دهۆک، ئەمڕۆ هەینی، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ ڕێکخستن و میوانداریکردنی یەکەمین وەشانی جامی سووپەری کەنداو ڕاگەیاند.

عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی وەرزشیی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "یانەکەمان میوانداریی یەکەمین وەشانی جامی سووپەری کەنداو دەکات، کە بڕیارە لە ١٣ی ئابی داهاتوودا لە نێوان پاڵەوانی وەشانی ئێستا (یانەی دهۆک) و پاڵەوانی وەشانی ڕابردوو (یانەی ڕەیانی قەتەری) ئەنجام بدرێت."

وتیشی: "یەکێتیی تۆپی پێی کەنداو سەرسامیی خۆی بە کەشوهەوای وەرزشیی پارێزگای دهۆک و ئامادەبوونی زۆری جەماوەر دەربڕیوە،" جەختیشی کردەوە کە "هەڵبژاردنی یانەی دهۆک بۆ میوانداریکردنی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییە، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ یانەکە."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە کارگێڕیی یانەکە لە ئامادەیی تەواودایە و دەستی بە چاککردنی ژێرخانەکان کردووە، هاوکات هەڵمەتێکی فراوانی ڕیکلام و ناساندن لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دەستیپێکردووە، جگە لە ئامادەکارییە هونەرییەکانی تایبەت بە تیپەکە.

لەلایەکی دیکەوە، شڤان محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی یانەی دهۆک، بە (INA)ی ڕاگەیاند: "ئامادەکارییەکان لەسەر دوو تەوەر دەستیان پێکردووە؛ یەکەمیان تایبەتە بە ژێرخان و ئامادەکردنی یاریگا، دووەمیشیان پەیوەستە بە ئامادەکاریی تیپەکە، کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بچێتە کەمپێکی مەشقیی ناوخۆیی و دەرەکی."

ڕوونیشیکردەوە، کە ڕاهێنەری تیپەکە لەم هەفتەیەدا دەگاتە دهۆک، و کۆبوونەوەی یاریزانان و دەستپێکی ئامادەکارییە فەرمییەکان لە پێنجی ئەم مانگەدا دەبێت. جەختیشی کردەوە کە یاریگای دهۆک و یاریگاکانی مەشق و ڕاهێنان ئێستا لەژێر پڕۆسەی نوێکردنەوەی تەکنیکی و ئەندازیاری دان بۆ پێشوازیکردن لە پاڵەوانێتییەکە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، کە تیپەکە مەشق و ڕاهێنانی چڕ ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بە وێنەیەکی شایستە لە جامی سووپەری کەنداودا دەربکەوێت، بەتایبەت کە ڕاهێنەرێکی نوێ و چەندین یاریزانی نوێ بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی یانەکە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە، تاوەکو ئامادە بن بۆ کێبڕکێکانی "خولی ئەستێرەکانی عێراق" لە وەرزی داهاتوودا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)