بەغدا – INA
محەمەد نووری، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، و یەعروب قودات، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و دابینکردنی شانشینی ئوردنی هاشمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختیان لە گرنگیی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی خولی ٣١ی لیژنەی هاوبەشی ئوردنی-عێراقی لە بەغدای پایتەخت لە ماوەی داهاتوودا کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری پیشەسازی و کانزاکان لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "محەمەد نووری، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، ئەمڕۆ پێشوازی لە یەعرب قوزات، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و دابینکردنی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەردوولا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تێیدا ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاریی پیشەسازی و بازرگانی و فراوانکردنی ئاسۆکانی هەماهەنگیی هاوبەشیان تاووتوێ کرد بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی برا بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەی (شاری ئابووریی عێراق-ئوردن) کرا، و جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم پڕۆژەکە، بەو پێیەی ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە لە پشتیوانیکردنی کەرتی پیشەسازی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووریی گەورە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەستنی کۆبوونەوەکانی خولی ٣١ی لیژنەی ئوردنی-عێراقی لە بەغدا لە ماوەی داهاتوودا، و پەرۆشیی خۆیان دەربڕی بۆ چالاککردنی کارەکانی لیژنەکە بە جۆرێک هاوکار بێت لە بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو وڵاتدا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کۆبوونەوەکە باس لە چەندین دۆسیەی جێی بایەخی هەردوولا کردووە، لە سەرووی هەموویانەوە پەرەپێدانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان، ئەمەش بە مەبەستی بووژاندنەوەی جووڵەی بازرگانی و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری نێوان عێراق و ئوردن.