🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزیری پێشمەرگە جەخت لە کۆتاییهاتنی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/30 23:53

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە مانگی نۆی ئەمساڵ ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و پێشمەرگە کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی مانگی شەش، لە میانی مەراسیمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو، وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە لە نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە. بەمەش کۆتایی دێت بەو هاوکاری و پاڵپشتییە داراییەی ئەمەریکا بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار کە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بوو بۆ پێشمەرگە دابین کرابوو.

لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانەدا هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوام هەوڵی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80ی سەر بە یەکێتی و پارتی داوە.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ساڵی 2016 ئەنجام درا و لە مانگی 10ی ساڵی 2022 نوێ کرایەوە. بە پێی یاداشتی لێکتێگەشتنەکە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و کەرەستەی جەنگی و مەشق و ڕاهێنانی پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە کرد و هاوکار بوو لە پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 بەرەو دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.

لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەهۆی ناکۆکییە داراییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق کێشەی دابینکردنی مووچەی هەبوو، هەرێم هاوکارییە داراییەکانی ئەمەریکای بەکار هێناوە بۆ دابینکردنی مووچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگە کە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.

بە پێی لێکتێگەشتنە هاوبەشەکە ساڵانە 5 ملیۆن دۆلار لە هاوکاریەکە کەمی دەکرد و ئەمساڵیش لە مانگی نۆدا بەتەواوەتی کۆتایی دێت.

بەرپرسانی وەزارەتەکە چەندین جار باسیان لەوە کردووە کەمردنەوەی هاوکاریەکە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئابووری و پاڵپشتی لۆجستی پێشمەرگە دەبێت.

پێشتر فەرماندەیی لەشکری کوردستان هێزێکی سەر بە پارتی بوو، فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەش سەر بە یەکێتی بوو، بەڵام لە ساڵی 2009 و لە ژێر ناوی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا ناوەکانیان بۆ هێزەکانی 70 و 80 گۆڕدرا، دواتریش ناوی 70 و 80 ش گۆڕدرا بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دوو. ئەمڕۆش وەزارەتەکە بڵاوی کردەوە قۆناغی یەکەمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو ئەنجام دراوە.

هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەندین جار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە و بەرپرسانی هەرێمیش وتوویانە ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکاریەکەی کردووە ئەگەر ناکۆکیەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بن و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە جێبەجێ نەکرێن.

وێڕای فشارەکان و هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بەڵام هەتا ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە بەتەواوەتی یەکیان نەگرتووەتەوە.

شایەنی باسە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر کە ئێستا زۆربەی چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستانە، بڕیارە لە بەرواری 30ی نۆی 2026 وادەی کارکردنی لە عێراق بە فەرمی کۆتایی بێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)