🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

بەسڕە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمەریکا واژۆ دەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/01 00:53

ئیدارەی بەسڕە ئەمڕۆ سێشەممە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای کەی بی ئاڕ واژۆ کرد بە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخان و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گەشەپێدان لە پارێزگاکەدا.

کەی بی ئاڕ (پێشتر بە کیلۆگ براون & رووت ناسرابوو) کۆمپانیایەکی بواری زانست و تەکنەلۆجیا و ئەندازیاریی جیهانییە کە بنکەی سەرەکی دەکەوێتە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس. کۆمپانیاکە لە بوارە فراوانەکانی واڵایی، بەرگری، پیشەسازی، سیخوڕی و وزە کار دەکات.

ڕۆژی سێشەممە نوێنەری ئەو کۆمپانیا ئەمەریکاییە و پارێزگاری بەسڕە ئەسعەد عیدانی بە ئامادەبوونی جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا هاوکاری لە پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە دەکەن. هەروەها کۆمپانیاکە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە قەزای شەتل عەرەبەوە هەتا ناحیەی فاو ئەنجام دەدات.

بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لەمبارەوە ڕایگەیاند، "دەستپێشخەرییەکە ئامانجی بەکارهێنانی شارەزایی و لێهاتوویی ئەمەریکاییە لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری عێراق."

جۆشوا هاریس وتیشی، "ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی قووڵکردنەوەی هاوبەشی ئابووریی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەکەین لەم ناوچەیەدا، بەرەو هەنگاونان بۆ پێشەوە لە پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە کە سوودی بۆ هەردوو گەلی ئەمەریکا و عێراق هەبێت."

لای خۆیەوە ئەسعەد عیدانی ڕایگەیاند، ئەم لێکتێگەیشتنە هەنگاوێکە بەرەو کاراکردنی خاڵەکانی 'ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی' نێوان عێراق و ئەمەریکا.

عیدانی وتی بەسڕە لەبەردەم "هاوبەشییەکی ڕاستەقینەدایە" لەگەڵ ئەمەریکا.

کۆمپانیای کەی بی ئاڕ نزیکەی 40 هەزار کارمەند و ئەندازیاری لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکەن. کۆمپانیاکە ساڵانێکە لە عێراق کاردەکات، بەتایبەتی لە کەرتی نەوتدا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)