🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/30 23:53

کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا وەک ئێکسۆن مۆبیل، شیڤرۆن، کەی بی ئاڕ و هالیبێرتۆن بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی نەوت و گاز لەو وڵاتە. ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە کە لە داهاتوودا پێشینەی هەلی کارکردن دەدرێتە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان ئەگەر بیانەوێت لە عێراق کاربکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری نەوت باسم محەمەد خوزەیر عەبادی پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکایی کرد و باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت و گاز کرد.

هەر ئەمڕۆ ئەسەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای کەی بی ئاڕی ئەمەریکایی واژۆ کرد کە یەکێک لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی ووزە و تەکنۆلۆژیای جیهان. هەنگاوەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی ژێرخانی پارێزگاکەیە.

کۆبوونەوە ئابوورییەکان هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن. چاوەڕوان دەکرێت بابەتەکانی گفتوفۆ جگە لە پرسە سیاسی و ئاسایشییەکان هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هاوکاری وزە لەخۆ بگرێت.

حاکم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە،" بەو پێیەی "بە دڵنیاییەوە ئەوان لە ڕیزی متمانەپێکراوترین و بەئەزموونترین کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتدان."

حاکم کەمال ئاغا ڕایگە "فیلی وزە" یەکێک دەبێت لە پرسە سەرەکییەکانی حکومەتی عەلی زەیدی لە واشنتن، بە مەبەستی خۆشکردنی ڕێگا بۆ کارکردنی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە عێراق.

پڕۆژەی گەشەپێدان بە بەهای 500 هەزار بەرمیل

هەروه ها وتی، "ئەم هەنگاوه کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت به تایبەت له ڕووی گەشەپێدانی کێڵگه نەوتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان."

نوێنەری تایبەتی سەرۆک ترامپ، باڵیۆز تۆم باراک، لە میانی دیدارێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی شیڤرۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای قورنەی دوو و ناسریە بۆ سوودی هەردوولا.

لەمبارەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، "لەگەڵ لایەنی ئەمەریکا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی وزە و گەشەپێدان دەکەین، کە لە 500 هەزار بەرمیلەوە دەستپێدەکات لە ڕۆژێکدا و دەتوانێت بگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێژەیە پەیوەستە بە "مەرجی ئابووری و بەرهەمهێنان، و ڕەنگە سنووری پشکی ئۆپێک تێپەڕێنێت."

عەلی زەیدی ئەمەریکای بە "هاوبەشی پەسەندکراو" ناوبرد و وتی، "بە کشانەوەی دوایین هێزی ئەمەریکایی لە عێراق لە 30ـی نۆ، پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا لە هاوبەشی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشی ئابووری"

پسپۆڕی ئابووری سەفوان قوسەی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق چاوی لە زیادکردنی هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکایە، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و گازدا."

سەفوان وتیشی، "هەبوونی ڕێکەوتنێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی پشکی نەوتی عێراق بە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل، نەک بۆ فرۆشتنە لە بازاڕەکاندا بەڵکو بۆ هەڵگرتن و پڕکردنەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریکا ، ڕێگە بە عێراق دەدات کە وەبەرهێنان و پاڵپشتی دارایی لە ئەمەریکا وەربگرێت."

لای خۆیەوە گۆڤەند شێروانی شارەزای بواری ئابووری نەوت و وزە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەماوەی خولەکانی گرێبەستی نەوت و گاز لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا لە ناوەڕاست و باشوور و هەندێک ناوچەی باکووری عێراق، گرنگییەکی ئاشکرا بە کێڵگەکان و ناوچەکانی گەڕانی غاز و نەوتی عێراقی لەلایەن کۆمپانیا ئاسیاییەکانەوە بەتایبەت چینییەکان دراوە. لە ئەنجامدا عێراق دوو شتی گرنگی لەدەستدا: یەکەم، دەرفەتی هەمەچەشنەکردنی نێودەوڵەتییەکەی. دووەم، لەدەستدانی سوودمەندبوون لە تەکنەلۆژیا و زانستی پێشکەوتووی کۆمپانیا گەورەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی کۆمپانیا ئەمەریکایی و ئەوروپاییەکانی ڕۆژئاوا."

ئامانجی ستراتیژی عێراق بۆ ساڵی 2028

شێروانی وتیشی، "پێدەچێت حکومەت درکی بەو هەڵەیە کردبێت و هەوڵی ڕاستکردنەوەی دەدات. لە دوایین سەردانی وەزیری پێشووی نەوتدا، نزیکەی 10 ناوچە و کێڵگەی گەڕان بەدوای غازی سروشتیدا ڕاستەوخۆ پێشکەشی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان کرا. جگە لەوەش کێڵگەی گەورەی غازی سروشتی ئەعکاز لە پارێزگای ئەنبار ڕادەستی کۆمپانیای ناسراوی ئەمەریکایی شلومبێرگەر دەکرێت، هەروەها کێبڕکێیەکی گەورە لەنێوان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکاندا هەیە لەسەر کێڵگەی قوڕنەی ڕۆژئاوای 2 دوای ئەوەی کۆمپانیا ڕوسییەکە بەهۆی سزاکانەوە لێی کشایەوە."

شێروانی ڕایگەیاند، "ئەگەر گرێبەستی شیڤرۆن تەواو ببێت، ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە، کە ڕۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و پایەی ئابووری عێراقە."

شێروانی پێی وایە وەزارەتی نەوتی عێراق پێویستی بە پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم کۆمپانیا ئەمەریکایی و جیهانیانە هەیە بۆ ئەوەی بەرنامەی وەزارەتەکە جێبەجێ بکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە 4.2 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەتا ساڵی 2028.

شایەنی باسە لە سەرەتای مانگی ئایاری ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا باری نائاسایی نیشتمانی سەبارەت بە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە. ئەم هەنگاوە ڕێگە دەدات هەموو داهاتی نەوتی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا بێت لە هەژماری بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک.

ئەم ڕاپۆرتە لە لایەن سەمیرە مەندی لە واشنتنەوە ئامادە کراوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)