🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دیموکراسیی ئەمەریکا: ئەو بنەما سەرەکییانەی بەردەوامی پێ دەدەن

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/30 22:50

کاتێک باس لە دیموکراسیی ئەمەریکا دەکرێت، ئەو وتە بەناوبانگەی ئەبراهام لینکۆڵن دەخرێتە بەر گوێ کە ساڵی 1863 وتی، "حکومەتی خەڵک، لەلایەن خەڵکەوە، بۆ خەڵک." بەڵام ئایا ئەمە چۆن لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەمەریکا ڕەنگ دەداتەوە؟

لە دڵی هەر دیموکراسییەکدا هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر هەیە. ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان دەدەن، هەر لە شارەوانی و پارێزگارەوە هەتا ئەندامی کۆنگرێس و سەرۆککۆمار. هەڵبژاردن ئەو هێزە بە هاووڵاتیان دەدات کە پشتگیری لە سەرکردەی دڵخوازی خۆیان بکەن یان ئەوانەی پەسەند نین لە دەسەڵات دوور بخەنەوە. هەروەها گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دوای هەڵبژاردن یەکێکە لە بەهێزترین نیشانەکانی دیموکراسییەکی کارا، کە ئەمەریکا پەیڕەوی دەکات.

پایەیەکی گرنگی دیکە مافی بەشدارییە. دیموکراسی کاتێک باشتر کار دەکات کە هەموو هاووڵاتیان دەرفەتی بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی هەبێت. لە ئەمەریکا مافەکانی دەنگدان بە تێپەڕبوونی کات فراوانتر بوون؛ ژنان لە ساڵی 1920 مافی دەنگدانیان وەرگرت، وە دواتر چاکسازییەکانی تر مافەکانی دەنگدانی کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانی پاراست. ئەم گۆڕانکارییانە دیموکراسیی ئەمەریکایان فراوانتر و گشتگیرتر کرد.

دیموکراسی هەروەها پشت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەبەستێت. هاووڵاتیانی ئەمەریکا لەژێر پاراستنی یاسایی ئازادییەکانی وەک ئازادیی بیروڕا، ئایین، کۆبوونەوە و میدیا دان. ئەم مافانە ڕێگا دەدەن بەوەی هاووڵاتیان بیر و ڕای خۆیان بە ئازادی دەرببڕن، ڕەخنە لە حکومەت بگرن، خۆپیشاندان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بکەن و بەشداری لە چالاکییە مەدەنییەکان بکەن. لە بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانەوە هەتا چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ، ئەم ئازادییانە کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە لە بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکا.

ستوونێکی دیکەی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکا بریتییە لە دەستگەیشتن بە زانیاریی سەربەخۆ. هاووڵاتیان پێویستییان بە زانیاریی باوەڕپێکراو هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسیی لەسەر بنەمای زانیاری و ئاگایی بدەن، بۆیەش میدیای ئازاد گرنگە. ڕۆژنامەوانیی سەربەخۆ دەتوانێت چاودێری وردی دەسەڵات و بەرپرسان بکات. نموونەیەکی زیندووی ئەم پایە گرنگە بریتییە لە ئاشکرابوونی سکانداڵی واتەرگەیت لە کاتی ئیدارەی سەرۆک ڕیچارد نیکسن لە ساڵی 1972، کە تێیدا ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەوانی بووە هۆی ئاشکرابوونی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵات لە ئەمەریکادا.

دیموکراسیی ئەمەریکا هەروەها پشت بە فرەڕەنگی و پلورالیزم دەبەستێت، واتە دەسەڵات لە دەستی تاک یان تەنها گرووپێکدا کۆناکرێتەوە بەڵکو گرووپی جیاواز هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر سیاسەتە گشتییەکان دروست بکەن. کۆمپانیاکان، یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی مافە مەدەنییەکان، گرووپە ئایینییەکان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان بەشداری دەکەن لە دروستکردن و پێشخستنی گفتوگۆی گشتی.

لە کۆتاییدا، دیموکراسی هەروەها پێویستی بە دادوەر و دادگای سەربەخۆ هەیە. لە ئەمەریکا دەزگای دادوەری لەپاڵ دەزگای یاسادانان و بەڕێوەبردن کار دەکات و لەو سێگۆشە هاوسەنگەدا سیستەمی حکومەت تەواو دەکات. چاوەڕوان دەکرێت دادوەران یاسا بە دادپەروەری جێبەجێ بکەن، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکانیان بە دڵی زۆرینەی خەڵک و بە دڵی دەسەڵات نەبن. سەربەخۆیی دادگا دڵنیایی دەداتە لەوەی هیچ سەرۆک و سیاسەتمەدار یان دامەزراوەیەک لەسەرووی یاساوە نییە.

شایەنی باسە، دیموکراسیی ئەمەریکا لە کەموکوڕی بەدەر نییە، بەڵکو لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری بووەتەوە و هێشتاش بەردەوامە لە گۆڕان و پەرەپێدان. بەڵام هێزی ڕاستەقینەی لەو بنەمایانەدایە: هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، بەشداری، ئازادی، پلورالیزم، زانیاریی سەربەخۆ و حوکمی یاسا.

ئەم ستونانە پێکەوە دڵنیایی لدەدەن کە دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە بەرپرسیار بێت بەرامبەر خەڵک بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی ژیانی هاوڵاتیانی ئەمەریکا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)