لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای نزیکەی شەش کاتژمێر لە گفتوگۆکردن، پرۆژەیاسای بودجەی بەرگریی ئەمەریکای بۆ ساڵی 2027 پەسەند کرد.
لیژنەکە دوێنێ شەوی دوو شەممە دوا پێداچوونەوەی بۆ پرۆژەیاساکەیە کرد و ڕێکارە یاساییەکانی چۆنییەتی گفتوگۆکردنی پرۆژەیاساکەی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاریکرد.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پرۆژەیاساکە بخرێتە بەردەم تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن بۆ گفتوگۆ و دەنگدان.
جیم ماکگۆڤەرن، نوێنەرێکی ولایەتی ماسەچوسێتس لە دیموکراتەکان، وتی کە ئەم پرۆژەیاسایە "گرنگترین پرۆژەیاسایە کە کاری لەسەربکەین" بەڵام ڕەخنەی لەپرۆسەی پێداچوونەوەکە گرت و وتی، " کۆمارییەکان زیار لە هەزار داوای هەموارکردنی پرۆژەیاساکەیان رەتکردووەتەوە... زیاتر لەسەدا نەوەدی داواکاری دیموکراتەکانیان رەتکردووەتەوە... هەشت لە دەی ئەم هەموارانەی کە داوای ئەندامانی هەردوو پارتەکە بوون ڕەتکراونەتەوە."
ڤێرڤینیا فۆکس، سەرۆکی لیژنەکە وتی، "داوای هەموارکردن دەبێت پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی نەتەوەیەمانەوە هەبێت و بەڕێکاری دروست پێشکەشبکرێت."
پرۆژەیاساکە پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی دژە داعش لە عێراق و سووریا دووپات دەکاتەوە و هەندێک لە یارمەتییەکان درێژدەکاتەوە. لیژنەکە لە کاتی گفتوگۆدا دەیان هەمواری تاوتوێ کرد و لە کۆتاییدا دەقێکی یاسایی پەسەندکرد کە ماددەی (1236) ـی یاسای بودجەی بەرگریی ساڵی 2015 هەتا کۆتایی ساڵی 2027 درێژدەکاتەوە.
بەپێی ئەم ماددەیە، پنتاگۆن دەسەڵاتی دابینکردنی یارمەتی سەربازی وەک ڕاهێنان و چەک و تەقەمەنی و لۆجستیک و یارمەتی دارایی بۆ هێزە خۆجێییەکان لە عێراق و سووریا دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا ناوی هێزە کوردییەکان بە ڕوونی هاتووە و بە فەرمی وەک هاوبەشی ئاسایشی ناسراون.
یاساکە ئاماژە دەدات بە بەردەوامبوونی کارکردنی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستی ستراتیژیدا بەڵام هەندێک مەرج لەسەر یارمەتی دارایی بۆ هێزەکانی حکومەتی عێراقدا دانراوە، بۆ نمونە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا توانای هەیە کە دەستبەجێ تەنها لە سەدا بیست و پێنجی یارمەتی دارایی بۆ ئەم هێزانە دابین بکات بەڵام پرۆژەیاساکە دەڵێت کە ئەم مەرجانە پێشمەرگە ناگرنەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا چاوەڕوان دەکرێت کە یارمەتییەداراییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێنەوە. لە داواکاری بودجەی ساڵی 2027دا پنتاگۆن پێشنیازی کەمکردنەوەی یارمەتییەداراییکانی بۆ پێشمەرگە کردووە. هەرچەندە پرۆژەیاساکە ڕێگە بە بەردەوامبوونی پشتگیری دارایی دەدات بەڵام ئایا پشتگیری دارایی دابیندەکرێت یان نا ئەوە دەکەوێتە سەر بڕیاربەدەستان لە ئیدارە پنتاگۆن و حکومەت.
بە گشتی، ئەمەریکا هێشتا بەردەوام دەبێت لە ستراتیژی دژە تیرۆریزم و داعش; هەروەها هێزە کوردییەکان وەک هاوبەشێکی گرنگ دەمێننەوە. بەڵام شێوازی پشتگیری بە تایبەت لە ڕووی داراییەوە گۆڕانکاریی تێدایە و زیاتریش جەخت لەسەر یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدەن و ئەگەر پەسەند کرا پرۆژەیاساکە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی سینات. پێشبینی دەکرێت قۆناغی هاوتاکردنی پرۆژەیاسای هەردوو ئەنجومەنەکە چەند هەفتەیەک بخایەنێت.