بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن، و هاوتای سوورییەکەی، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، میکانیزمەکانی گواستنەوە و تێپەڕبوونی دابینکردنی وزە، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە عێراقەوە بۆ سووریا، و هاوکاری لە هەردوو بواری ئاو و کشتوکاڵدا تاووتوێ دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و هاوتا سوورییەکەیدا، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: "جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن، لە دیمەشقی پایتەخت، لەگەڵ وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، بە ئامادەبوونی وەزیری وزەی سووریا، محەممەد بەشیر کۆبووەوە".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەردوولا سەکۆ و ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەشیان لە بوارە جیاجیاکاندا تاووتوێ کردووە، هەروەها ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی پسپۆڕ لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، ئاو، گواستنەوە، و دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش و بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "ڕێککەوتن کرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگیی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی هەردوو وەزیری دەرەوە، بە مەبەستی زامنکردنی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەرەنجامەکانی هاوکاریی دوو قۆڵی و یەکخستنی هەوڵەکان لە بوارە جیاجیاکاندا".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی گواستنەوە و تێپەڕبوونی دابینکردنی وزە، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە عێراقەوە بۆ سووریا، و هاوکاری لە هەردوو بواری ئاو و کشتوکاڵدا کرا، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات، تەواوکاریی ئابووری ، و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".
ڕاگەیەندراوەکە سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە کە "هەردوولا باسیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و هاوکاریی هاوبەش کردووە، بە جۆرێک پاڵپشتی لە ئاسایشی هەردوو وڵات و سەقامگیریی ناوچەکە بکات، و ئەو هەوڵانە بەهێزتر بکات کە ئامانجیان ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە هاوبەشەکانە".