بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بانگەشەی فەرمانبەرێک کە بڕیاری لێبووردن گرتوویەتییەوە بەڵام نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر کارەکەی.
ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "دادگای قەزای فەرمانبەران لە بەرواری ٥ی نیسانی ٢٠٢٦دا، بڕیارێکی گرنگی دەرکردووە لەسەر داوایەکی یاسایی کە لەلایەن سکاڵاکارێکەوە تۆمارکرابوو وەک تانەدان لە ڕەتکردنەوەی لایەنە سکاڵالێکراوەکان (کە ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵیشیان تێدایە) بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سەر کارە گشتییەکەی دوای ئەوەی ئەحکامەکانی یاسای لێبووردنی گشتی گرتوویەتییەوە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییە تانەلێدراوەکە و گەڕانەوەی بۆ سەر ڕاژەی فەرمانبەرییەکەی کردبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای وردبینیکردن لە ڕووداو و بەڵگەنامەکانی دۆسیەکە، بۆ دادگا دەرکەوتووە کە سکاڵاکار پێشتر لە کارە گشتییەکەی دوورخراوەتەوە بەهۆی پێشکەشکردنی بڕوانامەیەکی خوێندنی ساختە، وە بڕیاری دوورخستنەوەکەش وەک ڕێکارێکی کارگێڕی ڕەسەن دەرکراوە کە پشتی بە مەرجەکانی پاراستنی وەزیفەی گشتی و پاراستنی دامەزراوە گشتییەکان بەستووە"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم ڕێکارە کارگێڕییە سەربەخۆیە لەو بەرپرسیارێتییە سزاییەی کە لەسەر کارەکە دروست دەبێت، و بوون و نەبوونی پەیوەست نییە بەو حوکمە سزاییەی لەسەری دەرچووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "دادگا بۆی دەرکەوتووە کە گرتنەوەی سکاڵاکار بە یاسای لێبووردنی گشتی، هیچ شوێنەوارێکی یاسایی لێ ناکەوێتەوە کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەکە یان سڕینەوەی شوێنەوارە کارگێڕییەکانی، چونکە ئەحکامەکانی لێبووردنی گشتی تەنیا بەسەر شوێنەوارە سزاییەکاندا جێبەجێ دەبن و خۆبەخۆ ناگشتێندرێن بۆ بڕیار و ڕێکارە کارگێڕییە شەرعییەکان کە دەرهەق بە فەرمانبەرەکە گیراونەتەبەر، مەگەر یاساکە دەقێکی پێچەوانەی تێدا بێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "لەبەر ئەوەی یاسا کارپێکراوەکان دەقێکیان تێدا نییە ڕێگە بە گەڕاندنەوەی فەرمانبەری دوورخراوە بدات بۆ سەر کارەکەی، چونکە میکانیزمی دامەزراندنی تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی نوێوە دەبێت بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، نەک لە ڕێگەی دووبارە دامەزراندنەوە یان گەڕانەوە بۆ ڕاژە، وە بەو پێیەی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ دامەزراندن یان دووبارە دامەزراندنەوە بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی (١٤) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣، بەمەش بنەمای یاسایی بۆ داواکاریی سکاڵاکارەکە نەماوە، بۆیە دادگا بڕیاری ڕەتکردنەوەی داواکەی داوە".
ئەنجومەنەکە لای خۆیەوە ڕایگەیاند کە "ئەم ئاڕاستە دادوەرییە بە جێبەجێکردنێکی تەندروستی بنەمای شەرعییەت دادەنرێت، بەهۆی ئەو جیاکردنەوە ڕوونەی کە تێیدایە لە نێوان شوێنەوارەکانی بەرپرسیارێتی سزایی و شوێنەوارە کارگێڕییەکانی کە لەسەر دوورخستنەوەی فەرمانبەران دروست دەبن، بە جۆرێک کە جێبەجێکردنی دروستی ئەحکامەکانی ماددەی (٦٢) لە یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ی هەموارکراو مسۆگەر دەکات".
لە کۆتاییدا ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە لەسەر "پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی حوکمە دادوەرییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا، و بەردەوامبوونی لە بەڕێوەبردنی مەلەفی دامەزراندنەکان بەپێی پێوەرەکانی شەفافییەت، دادپەروەری و شایستەیی کە دەستوور و یاسا گەرەنتییان کردووە".