بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، قاسم عەبوودی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند کە حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نادات، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەرپرسیارێتی هەمووانە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پێشوازی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە : عەبوودی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد، هەروەها تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هاوکاری دوولایەنە لە ئاستە جیاوازەکاندا کرا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و هەردوو گەلی دۆست بکات، لەگەڵ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیە و پرسی جێگەی بایەخی هاوبەش، بەتایبەتی هاریکاری ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و کاراکردنی ڕێککەوتننامە ئەمنییە هاوبەشەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : عەبوودی،جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ ئێران کە دراوسێیە، پەیوەندییەکی پتەوە کە لە ڕێگەی هەڵوێستەکانی هەردوو گەل و هەردوو وڵاتی دراوسێوە ڕەنگیداوەتەوە، و ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی زەیدی ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نادات و جەختیشی کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەرپرسیارێتی هەمووانە.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی ، جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی پەیوەندی مێژوویی و پەیوەندی زۆرە لەگەڵ عێراق، هاوکات سڵاوی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی بە عەبوودی گەیاند، هەروەها ستایشی ئەو ڕۆڵەی کرد کە حکومەتی عێراق بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەیگێڕێت.