بەغدا – INA
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڕەشەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی "ئۆپیک" دەکەن، بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق ناکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆک وەزیران پرسی کشانەوەی نەخستووەتە ڕوو.
وەزارەت لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "ئەوەی دەگوترێت دەربارەی هەڕەشەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی ئۆپیک، گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق ناکات؛ چونکە نە سەرۆک وەزیران و نە حکومەتی عێراق پرسی کشانەوەیان باس نەکردووە، بەڵکو عێراق بەردەوام جەختی لە گرنگیی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بنمیچی بەرهەمهێنانکردووەتەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام و بارودۆخی تایبەتی ئابووری و ئەمنیی عێراق بگونجێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "وڵاتانی ناو ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی (ئۆپیک پڵەس) وەڵامی ئەم داوایەی عێراقیان داوەتەوە و دەستیان کردووە بە پرۆسەی هەڵسەنگاندنەوەی توانای بەرهەمهێنان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی سەربەخۆ. هەروەها بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو بڕانەی بە شێوەی خۆویستانە کەمکرابوونەوە، بگەڕێندرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی عێراق."
ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردەوە کە هەر داواکارییەک سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان، لە ڕێگەی میکانیزمە تەکنیکییە پەسەندکراوەکانی ناو ڕێکخراوەکە چارەسەر دەکرێت. باسی لەوەش کرد کە وڵاتانی ئەندام تێگەیشتنێکی بەرزیان بۆ بارودۆخی تایبەتی عێراق هەیە، کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ، گەمارۆ و هێرشە تیرۆریستییەکانەوە ژێرخانی نەوتییەکەی زیانی زۆری بەرکەوتووە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی نەوت جەختی کردەوە کە "هەوڵدەدرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگاتە ئاستێکی دادپەروەرانە، تاوەکو بتوانێت پێگەی خۆی وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ڕێکخراوەکە وەربگرێتەوە و سوود لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کەرتی نەوت وەربگرێت، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دارایی وڵاتە.