دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال ڕایگەیاند ئێران حکومەتی ئەمەریکای ئاگادارکردۆتەوە کە داوای هیچ پارەیەک، پارەی بیمە و پارەیەکی دیکە لەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، ناکات.
سەرۆک ترامپ بە ڕەخنەگرتن لەوەی کە بە "ڕاپۆرتی چەواشەکارانەی میدیای ساختە" ناوی بردووە، جەختی لەوە کردەوە کە تاران دڵنیایی داوەتە واشنتن کە هیچ بڕە پارەیەک لەو کەشتیانە وەرناگیرێت کە بەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا تێدەپەڕن. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەو زانیاریانە هەڵە بن، دەستبەجێ دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەوەستێت.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی تا ئێستا هیچ پارەیەک لە لایەن واشنتنەوە نەدراوەتە ئێران و هیچ بەشێک لە سەروەت و سامانی ئێرانیش ڕاستەوخۆ بۆ تاران نەگوازراوەتەوە.
دۆناڵد ترامپ وتی حکومەتی ئەمەریکا بە نیازە بەشێک لە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران کە تا ئێستاش لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی واشنتندایە، بۆ کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەرهەمهێنەرانی ئەمەریکایی تەرخان بکات. ئاماژەی بەوەشکرد ئەو سەرچاوانە بۆ کڕینی کەلوپەلەکانی وەک گەنمەشامی و گەنم و سۆیا و خۆراکی پێویست بەکاردەهێنرێن.
ترامپ بە ئاماژەدان بە پێویستی ئێران بە خۆراک ڕایگەیاند کە ئەم بەرهەمانە تەنیا لە ئەمەریکا دەکڕدرێن بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان لە ئێران.
بەپێی مادەی 11ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەند بووە بە خستنە بەردەستی تەواوی سەرچاوە داراییە بەستووەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بڕیار بووە هەردوولا لەسەر ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئەو سەرچاوە داراییانە لە کاتی دانوستانەکاندا یەکتر ڕێکبکەون.