بەغداد - INA - ویسام مەلا
بەرپرسی پڕۆژەکان لە بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان سری زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ تەوەری بۆ چارەسەرکردنی تەحەددییەکانی زۆنگاوەکان و بەهێزکردنی هەمەجۆریی بایۆلۆژی ڕاگەیاند.
زەیدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕایگەیاند: "پڕۆژەی پاراستنی هەمەجۆریی بایۆلۆژی لە زۆنگاوەکاندا، بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت، چونکە تیشک دەخاتە سەر دیراسەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر مرۆڤ و هەمەجۆریی بایۆلۆژی، بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراقدا".
وتیشی: "پڕۆژەکە ژمارەیەک لەو تەحەددییانەی دەستنیشانکردووە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی خۆجێیی و سیستمی ژینگەیی لە زۆنگاوەکاندا دەبنەوە، و نۆ تەوەری سەرەکی بۆ چارەسەرکردنیان دیاریکراون، لە نێویاندا دیاریکردنی کەمترین ڕادەی بەشە ئاوە پێویستەکان بۆ بەردەوامیی زۆنگاوەکان، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لەسەر ئاستی نیشتمانی، سەرەڕای بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە بەشە ئاوەکانی زۆنگاوەکان لە ڕێگەی کردنەوەی ڕێڕەو لەسەر ئاستی ئەکادیمی و پسپۆڕان بۆ پاراستنی هەمەجۆریی بایۆلۆژی".
ئاماژەی بەوەشكرد: "پڕۆژەکە گرنگی دەدات بە پاراستنی جۆرە ڕەسەنەکانی ماسی، بەتایبەت دوای پاشەکشەکردنی ژمارەیان لە پاش جەنگەکان"، ڕوونیشیکردەوە: "هاوکارییەک هەیە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا و زانکۆی بەسرە بۆ دووبارە زیادکردنەوەی هەندێک لە جۆرە خۆجێییەکان، لەوانەش ماسی (بنی)، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەردانیان لە ناوچەکانی زۆنگاوەکاندا لە چوارچێوەی ژینگەی کۆنترۆڵکراودا".
رونیشیكردەوە: "پڕۆژەکە ئامانجی بەهێزکردنی جێگیریی سەرچاوە ئاوییەکانە بە شێوەیەک کە مانەوەی دانیشتوانە خۆجێییەکە مسۆگەر بکات، لە ڕێگەی دابینکردنی ئاوەوە وەک یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی جێگیربوون"، ئاماژەشی بە "نۆژەنکردنەوەی چوار وێستگەی (RO) و وێستگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئاوی باران و ئاوی زۆنگاوەکان کرد بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گامێشەکان".
و جەختیشیکردەوە: "پڕۆژەکە لە هەمانکاتدا پاڵپشتیکردنی هۆکارەکانی بژێوی دانیشتوانە خۆجێییەکە لەخۆدەگرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی پیشەسازییە نەریتییەکان و بەشداریکردن لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیاندا".