هەمەڕەنگ – INA
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی شیرینی لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکر، ئەمەش یارمەتی تووشبووانی نەخۆشی شەکرە و ئەوانە دەدات کە شەکری خوێنیان بەرزە بۆ ئەوەی چێژ لە خواردنی شیرینی وەربگرن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس"، نیوەی یەکەمی ڕۆژ باشترین کاتە بۆ خواردنی شیرینی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، و پێدەچێت خواردنی شیرینی لە بەیانیان یان دوای نیوەڕواندا یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێندا.
لە توێژینەوەیەکی بچووکدا، ئەو ژنانەی کە پارچەیەک کێکیان دوای شێو لە کاتژمێر 7:30ی ئێوارەدا خواردووە، بەرزبوونەوەی زیاتری شەکری خوێنیان تۆمارکردووە بەراورد بەوانەی کە دوای نانی پێشین (غەدا) یان لە ناوەڕاستی دوای نیوەڕۆدا خواردوویانە، هەروەها ئەو ژنانەی کە دوای شێو شیرینییان خواردووە، بەیانی ڕۆژی دواتر لە کاتی بەڕۆژووبووندا بەدەست بەرزبوونەوەی شەکری خوێنەوە ناڵاندوویانە.
هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستیاریی ئەنسۆلین لە بەیانیاندا لە بەرزترین ئاستدایە و پاشان بە تێپەڕبوونی کات بەرەبەرە کەمدەبێتەوە، ئەمەش واتە ڕەنگە خانەکانی لەش لە ماوەی بەیانیان و دوای نیوەڕواندا باشتر وەڵامی ئەنسۆلین بدەنەوە، کە ئەمەش یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی ئاستی شەکر بە شێوازێکی باشتر. لە هەندێک حاڵەتیشدا، خواردنی خۆراک لە کاتەکانی کۆتایی ڕۆژدا بەستراوەتەوە بە زیادبوونی کێش و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن.
خواردنی شیرینی بە گەدەی خاڵیەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهێزی شەکری خوێن و بەدوایدا دابەزینی خێرا؛ چونکە بەگشتی شیرینییەکان کاربۆهیدراتی سادەیان تێدایە، کە جۆرێکە لە شەکر کە بە خێرایی لە کۆئەندامی هەرەسدا شی دەبێتەوە و لە دەمارەکانی خوێندا دەمژرێت. لە کاتی نەبوونی توخمە خۆراکییەکانی دیکەدا کە پرۆسەی هەرەسکرن و مژین خاو دەکەنەوە، ڕەنگە شەکری خوێن بە خێرایی بەرزبێتەوە.
لەبەر ئەوە، پێشنیاز دەکرێت کە شیرینی لە چوارچێوەی ژەمێکی هاوسەنگدا یان لەگەڵ سووکەژەمێکی تەواوکاردا بخورێت بۆ یارمەتیدان لە سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی شەکر، چونکە پێدەچێت ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵی خۆراکی و پرۆتین، پرۆسەی هەرەسکرن و مژینی شەکر خاو بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئاستی شەکری خوێن.
پێشتر توێژینەوەیەک دەریخستووە کە خواردنی کاربۆهیدرات دوای دە خولەک لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ڕیشاڵ، یارمەتیدەر بووە لە دابەزاندنی شەکری خوێن دوای ژەمەکە و کەمکردنەوەی بەرزبوونەوە لەناکاوەکان. لەپاڵ کاتی خواردنی شیرینی و ئەو خۆراکانەی هاوڕێیەتی دەکەن، جۆری شیرینییەکەش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێندا.
ئامۆژگاری دەکرێت کە میوە بۆ شیرینییەکان زیاد بکرێت بۆ یارمەتیدان لە خاوکردنەوەی پرۆسەی هەرەسکرن و تێرکردنی ئارەزووی خواردنی شەکر بەبێ بەرزبوونەوەی توندی شەکری خوێن. هەروەها ئەو شیرینییانەی دەوڵەمەندن بە پرۆتین یارمەتیدەرن لە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن؛ چونکە لەپاڵ خاوکردنەوەی هەرەسکرن و مژینی شەکر، پرۆتین دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر دەردانی هەردوو هۆرمۆنی ئەنسۆلین و گلوکاگۆن کە سەرەکین بۆ پاراستنی هاوسەنگی شەکری خوێن.
سەرچاوە: سکای نیوز