سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باشووری لوبنان چەند چەکدارێکی حزبوڵای کردووەتە ئامانج کە "مەترسییەکی ڕژدیان" بۆ سەر سەربازانی ئیسرائیل دروست کردبوو.
لە بەیاننامەیەکی تردا، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ئاماژەیان دا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە غەززە و کوشتنی ژمارەیەک چەکداری حەماس.
سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "لە نێو ئەو کەسانەی لە کردە سەربازییەکەی سەر غەززە کوژراون، سەبائی زاهیر ئەبو حەسنە هەیە، کە ئەندامی باڵای گروپی حەماسە." ئیسرائیل دەڵێت ناوبراو بەشداری لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا کردووە.
لە ڕاگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، ئەبو حەسنا "بەم دواییانە کەرەستەی تەقینەوەی داناوە و هەوڵی داوە هێرشی نوێ دژی سەربازانی ئیسرائیل ئەنجام بدات."
میدیای ناوخۆی لوبنان ئاماژە دەکات بەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەردەوامن، سەرەڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامی ئاگربەست.
میدیای فەرمی لوبنان ڕایگەیاند هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس، سەرەڕای ئەوەی لە ڕۆژی شەممەوە پێدادانەکان لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.