بەغداد- INA - فاتیمە ڕەحمە
ئاڵا یان ئەوەی کە بە (بهیرهق) دەناسرێت، هێمایەکە بۆ ناسنامە و سەرپەرشتیکردن، چونکە لە ڕووی مێژووییەوە بەستراوەتەوە بە جیاکردنەوەی هۆز، دەوڵەت و سوپاکان لە کاتی ئاشتی و جەنگدا؛ لە کاتێکدا لە مانگی موحەڕەمی حەرامدا گۆڕاوە بۆ یەکێک لە دەرکەوتەکانی زیندووکردنەوەی یادەوەریی کارەساتی تهف (کەربەلا) و بیرهێنانەوەی ماناكانی شۆڕشی حوسێنی.
لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەمدا، بازاڕەکان گەرموگوڕییەک بەخۆیانەوە دەبینن بۆ کڕینی ئاڵا ڕەشەکان و ئاڵا بچووکەکان کە هاووڵاتییان لەسەر ڕوکار و بنمیچی ماڵەکانیاندا جێگیریان دەکەن، جگە لە بڵاوبوونەوەیان لە نێو دەستە و تەکێ حوسێنییەکاندا (المواكب)، وەک گوزارشتێک لە خەمباریی و زیندووکردنەوەی بەهاکانی قوربانیدان و دەستگرتن بە بنەماکانی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت).
ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە ئاڵا فرۆشەکان بە ناوی "مستەفا عەبدولحەسەن" ئەنجامدا، ئەو وتی: "لە ماوەی مانگی موحەڕەمدا داواکاریی لەسەر کڕینی بهیرهق و ئاڵاکان بە هەموو شێوەکانییەوە زیاد دەکات، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی کە بە ڕێوڕەسمەکانی عاشورا و یادکردنەوەی شۆڕشی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت) هەیانە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم نەریتە لە نەوەکانەوە بۆ نەوەکان ماوەتەوە بە هەبوونی جیاوازیی گۆڕانکاریی بچووک لە دیزاین و شێوازەکاندا".
وتیشی: "ئەمڕۆ ئاڵاکان ڕەنگی جۆراوجۆریان بەخۆوە بینیوە و ناوی ئیمامە پاکەکان یان دروشمە حوسێنییەکانیان هەڵگرتووە، هەروەها تەکنەلۆژیای هاوچەرخیش هاتووەتە ناو بەکارهێنانیانەوە لە ڕێگەی شاشە ئەلیکترۆنییەکانەوە کە دیمەنەکانی کارەساتی تاف و هۆنراوە (قەسیدە) حوسێنییەکان لە هەندێک شوێندا نمایش دەکەن".
لەلایەکی دیکەوە، "عەلی کازم" کە خاوەنی یەکێک لە دەستە حوسێنییەکانە، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕوونیکردەوە: "ئاڵای ڕەش هێمایەکە بۆ پرسە و وهفایی و عهشیق و بەڵێن و دڵسۆزیی بۆ ئیمام حوسێن و ئەهلی بەیتی (سڵاوی خوایان لێبێت) هەڵدەگرێت، ئەمەش یەکێکە لەو نەریتانەی کە لە دڵی کۆمەڵگەدا لە ماوەی مانگی موحەڕەمدا چەسپاوە".
توێژەری کەلەپوور "عادل عەرداوی" بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئاماژەی بەوەدا کە "ڕەنگی بێرهقهكان هێمای جۆراوجۆر لەخۆدەگرن کە لە مانا کانی کارەساتی تاف وەرگیراون، بەو پێیەی لە نێوان ڕەش، سەوز و سووردا دەگۆڕدرێن، و دەستەواژە و دروشمگەڵێک هەڵدەگرن کە ئیلهام لە بەها حوسێنییەکان و چەمکەکانی قوربانیدان و سەرخستنی حەق وەردەگرن؛ ئاڵای حوسێنی هەمیشە لە یادەوەریی گەلدا ئامادەیی هەیە، وەک یەکێک لەو هێمایانەی کە لە نێوان کەلەپووری کولتووری و ئایینیدا کۆدەبێتەوە، و بەردەوامیی ئامادەیی کارەساتی تهف لە ویژدانی نەوەکاندا بەرجەستە دەکات".