بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری پەروەردە، عەبدولکەریم عەبتان جبووری و وەزیری گەیاندن، مستەفا سەنەد، میکانیزمەکانی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوویان تاوتوێ کرد کە پشت بە لۆگاریتمێکی پارێزراو دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردن، چاپکردن و دابەشکردنی دەستبەجێ و ئارامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بەبێ پێویستی بە بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردەدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: "وەزیری پەروەردە عەبدولکەریم عەبتان جبووری لەگەڵ وەزیری گەیاندن مستەفا سەنەد، میکانیزمەکانی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوویان تاوتوێ کرد کە پشت بە لۆگاریتمێکی پارێزراو دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردن، چاپکردن و دابەشکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بە شێوازێکی دەستبەجێ و پارێزراو".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: هەردوولا باسیان لە میکانیزمی گواستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردن و ڕاکێشانی پرسیارەکان کرد لە شێوازە تەقلیدییەکانەوە بۆ سیستمێکی دیجیتاڵیی بەکۆدکراو (موشەفەر) و خاوەن پاراستنێکی باڵا، کە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێکارە کاغەزییەکان و سنووردارکردنی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە پەیوەستن بە گواستنەوە و پاراستنی پرسیارەکانەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری پەروەردە جەختی لەسەر "گرنگیی پڕۆژەکە کردەوە لە کۆتاییهێنان بە دیاردەی دزەپێکردنی پرسیارەکان و بەهێزکردنی پاكی و بێگەردیی تاقیکردنەوەکان، بەوپێیەی سیستمەکە دروستکردنی بانکێکی ئەلیکترۆنیی فراوان و ئەرشیفکراو بۆ پرسیارەکان لەخۆدەگرێت، کە ڕێگە دەدات بە چاپکردنی پرسیارەکان لە کاتژمێر حەوتی بەیانیدا تەنیا بە داگرتنی یەک دوگمە، بۆ ئەوەی لە هەمان چرکەدا بە شێوازی دیجیتاڵی بەسەر سەرجەم ناوەندەکانی تاقیکردنەوەدا لە ڕێگەی تۆڕێکی پارێزراوەوە دابەش بکرێت".
هەردوو وەزیرەکە جەختیان کردەوە کە "پڕۆژەکە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی هەوڵە مرۆییەکان لە پرۆسەکانی کۆگا کردن، پاسەوانی و گواستنەوەی زەرفەکاندا، لەگەڵ نەبڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی ژێرخانی سایبەری بۆ گەرەنتیی پاراستنی داتا و سەقامگیریی سیستمەکە لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا، ئەمەش کارایی و شەفافییەتی پرۆسەی پەروەردە بەهێزتر دەکات".