🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک وەزیران و سەرۆکی تورکیا تاوتوێی پەیوەندییە دووڵایەنەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردن و گەشەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا دەکەن

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/22 20:56

بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زێدی و سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، باسیان لە پەیوەندییە دووڵایەنەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردن و گەشەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زێدی، دانوستانێکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدا، کە تێیدا باسیان لە پەیوەندییە دووڵایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی بەهێزکردن و گەشەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد".

ڕاگەیەندراوەکە ڕوونی کردەوە: "پەیوەندییەکە چەندین مەلەفی جێی بایەخی هاوبەشی لەخۆگرت، کە لە پێشەنگیاندا مەلەفی هەناردەکردنی نەوت بوو لە ڕێگەی هێڵی بۆریی کەرکووک - جیهان، لەگەڵ کارکردنی هاوبەش بە مەبەستی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا".

ئاماژەی بەوەشکرد کە: "هەردوولا مەلەفی ئاویشیان تاوتوێ کرد، و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەش کە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بەدی بهێنێت، سەرەڕای تاوتوێکردنی واژۆکردنی ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەکانی هاوکاری لە بوارەکانی غاز و کشتوکاڵدا، بە شێوازێک کە هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدانی نێوان عێراق و تورکیا بەهێز بکات".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە میانەی پەیوەندییەکەدا، جەختی هاوبەش کرایەوە لەسەر گرنگیی پڕۆژەی گرنگی (ڕێگای گەشەپێدان) و ڕۆڵە ستراتیژییەکەی لە بەهێزکردنی بەستەرە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنیدا؛ بەهۆی ئەو گرنگییە گەورەیەی کە بۆ عێراق و تورکیا هەیەتی".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران "بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی کۆمپانیا تورکییەکان کرد بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتە وەبەرهێنانانەی کە لە کەرتە جیاجیاکاندا بەردەستن"، جەختیشی لە "گرنگیی ڕۆڵی کەرتی تایبەت کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا".

لەلایەن خۆیەوە، "ئەردۆغان بانگهێشتەکەی خۆی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نوێکردەوە بۆ سەردانیکردنی ئەنقەرە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی تەممووزی داهاتوودا بێت؛ بە مەبەستی تاوتوێکردنی مەلەفە دووڵایەنەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێگای گەشەپێدانەوە".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)