بەغداد – INA – ویسام مەلا
ئەمڕۆ یەکشەممە،حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق،جەختی کردەوە کە پڕکردنەوەی وەزارەتەکان و تەواوکردنی کابینەی وەزاری پێش سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد : بودجەی ساڵی 2027 لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا ئامادە دەبێت.
سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵیش جەختی کردەوە کە پرۆسەی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ناوەستێت و سەرجەم تۆمەتباران دەگرێتەوە.
عەبودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، وتی: تەواوکردنی کابینەی وەزاری لە نیوەی یەکەمی مانگی تەمموزی داهاتوو دەبێت، واتە پێش سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن.
ئاماژەی بەوەشکرد : سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن لە نیوەی مانگی تەمموزی داهاتوو دەبێت،کەتیایدا چەندین دۆسیەی گرنگ لەخۆ دەگرێت، کە دیارترینیان دۆسیەی ئابووری و دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکە، کە نوێنەرایەتی دیدگای حکومەت دەکات بۆ سەقامگیری دەوڵەتی عێراق.
ڕوونیشیکردەوە : گۆڕانکارییە ئەمنییەکان سزا نین و بە واتای کەمتەرخەمیش نایەن، بەڵکو حکومەت دیدگایەکی نوێ بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان پەیڕەو دەکات.
عەبودی ئەوەشی خستەڕوو : عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، دۆسیەی گەندەڵی بە مەترسیدارترین بەڵا دەبینێت کە هەڕەشە لە وڵات و سیستەمی سیاسی دەکات، بۆیە سەرجەم گرێبەستەکانی قۆناغی ڕابردوو وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی پەککەوتوو ڕادەگیرێن کە ڕێژەی تەمویلکردنیان گەیشتووەتە زیاتر لە 50٪ بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەڵگەنامەی دامەزراندنیان نییە.
جەختیشیکردەوە : کە پرۆسەی ڕوو بەرووبونەوەی گەندەڵی ناوەستێت و هەر تۆمەتبارێک لەهەر پلە و ناونیشانێک بێت دەیگرێتەوە.
جەختیشی کردەوە : دەوڵەتی عێراق پەیڕەوی قەرزی دەرەکی ناکات، عێراق وڵاتێکی هەژار نییە، حکومەت چەندین چارەسەری هەیە و ئاماژەکانی چاکبوونەوەش دەردەکەون.
ڕاشیگەیاند : کە بودجەی ساڵی 2027 بەپێی ڕێکارەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
هەروەک وتی : دەوڵەت تەواوی گەرەنتییەکان بۆ کۆمپانیاکارەکانی بواری نەوت لە عێراق دابین دەکات، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوە پەیوەندیدارە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید نەکات و پڕۆژەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسیشی نییە.
هەروەها وتی : دۆسیەی وزە یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی حکومەت و سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیپێدانی زۆر کردووەتەوە بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان.