بهغداد - INA
حەیدەرعەبوودی، وتەبێژی حکومەت، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە چاکسازیی دامەزراوەیی لە وڵاتدا بە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستپێدەکات. هاوکات جەختیشی کردەوە کە سەرۆک وەزیران خاوەن پشتگیریی کۆدەنگییە بۆ قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، و ئاماژەی بە بوونی سەرپشککردنێکی پەرلەمانی کرد بۆ حکومەت بە ئامانجی بەهێزکردنی لە بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتیدا.
عەبوودی لە لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند: "پەرلەمان بە تەواوی حکومەتی سەرپشک کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرژەوەندیی گشتی لە چەندین مەلەفدا بەدیبهێنێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران خاوەن پشتگیری و کۆدەنگییەکی سیاسی و نیشتمانی گەورەیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر مەلەفی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی وڵاتدا".
وتیشی: "دیدگای حکومەت بۆ چاکسازیی گشتگیری دامەزراوەیی، لە بنەڕەتدا لە دوو کۆڵەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە بریتین لە: قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق ئەمڕۆ پێویستییەکی زۆری بە ژینگەیەکی ناوخۆیی تەواو سەقامگیر و کەشێکی ئارام و ڕاکێشەر بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی هەیە، ئەمەش بەدی نایەت مەگەر لە ڕێگەی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و قووڵکردنەوەی شکۆی دەوڵەتەوە".
سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان و تحرکاتی نێودەوڵەتیش، وتەبێژی حکومەت ڕوونکردنەوەی دا کە "میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ واشنتن لەسەر بنەمای ڕوون و نەگۆڕ داڕێژراوە، و لە پلەی یەکەمدا پشت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە هەردوو کەرتی ئابووری و ئەمنیدا دەبەستێت، بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیریی عێراق و سەروەرییەکەی بکات".