🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

چالاکیەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامن

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/19 17:20

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە و ناوچەی ئاسایشی بەجێ ناهێڵن، ئەوەش دوای کوژرانی چوار سەربازی ئەو وڵاتە لە باشووری لوبنان.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز ڕایگەیاند، "ڕێگە نادەین زیان بە سەربازان و هاووڵاتیانمان بگات، و هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست لەلایەن حزبوڵاوە بە هێزی زۆر وەڵام دەدرێتەوە."

ئیسرائیل کاتز جەختی کردەوە لەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی ئاسایشی لوبنان، لە کەناری دەریاوە تا بەرزاییەکانی بوفۆر، دەمێنێتەوە "بۆ پاراستنی دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل و لەناوبردنی ژێرخانی چەکداری لە سەرزەوی و ژێرزەوی."

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "لە وەڵامی پێشێلکردنی دووبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حزبوڵاوە و لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی و بنکەی سەر بە حزبوڵای لە باشووری لوبنان کراونەتە ئامانج."

بە گوێرەی پۆستی فەرمی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە سەر پلاتفۆرمی ئکس، لەو هێرشانەدا دەیان چەکداری حزبوڵا کوژراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن کە حزبوڵا بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی ئاگربەست. سوپای ئیسرائیل هەروەها دەڵێت هێزەکانی لە باشووری لوبنان بەردەوامن لە ئەرکە سەربازییەکانیان و سەرنجێکی تایبەتیان خستووەتە سەر لەناوبردنی ژێرخانی ستراتیژی ژێرزەوی حزبوڵا کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەی بوفۆر دروستی کردووە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)